ویلایەتی : گەمژایەتیتان رابگرن
راوێژکارێکی رێبەری ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی “باب مەندەب” دەکات
فەرهاد حەسەن
راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای هێرشە مووشەکییەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل هەڕەشەی داخستنی گەرووی باب مەندەب دەکات و دەڵێت، نابێت دوژمن تووشی لێکدانەوەی هەڵە بێت و بەرەی مقاوەمە توانای داخستنی هەردوو رێڕەوە ئاوییەکەیان هەیە، وەکو ئاماژە بە گەرووی هورمز و باب مەندەب.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کە ئاژانسی هەواڵی (فارس) بڵاویکردووەتەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت “پێشبینی چەند رۆژ پێش ئێستا هاتە دی، وەڵامێکی مووشەکی لە جۆری زاتولسەلاسل، گەمژەیی ئەمڕۆی رژێم لە بەیروت و پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست، ئەڵقەی یەکەمی وەڵامە زنجیرەیییەکانی ئێمەی خستەگەڕ.”
هاوشێوەی گەرووی هورمز هەڕەشەی داخستنی گەرووی باب مەندەب دەکات و دەڵێت “ئاسایشی ئەمڕۆی باب مەندەب، نابێت دوژمن تووشی لێکدانەوەی هەڵە بکات، ئەڵقەکانی بەرەی مقاوەمە توانای داخستنی هەردوو رێڕەوە ئاوییەکەیان هەیە.”
عەلی ئەکبەر ویلایەتی بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێت، هەڵبژاردن لە دەست خۆتاندایە، راگرتنی گەمژایەتی، یاخود چوونە ناو هاوسەنگیی رێکخستنی دوو گەرووەکە.”
ئەم قسانەی راوێژکاری رێبەری ئێران دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو ئێران هێرشێکی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و سوپای پاسدارانییش رایگەیاند، ئەوەی کردوویانە وەڵامی پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیروت، هێرشی موشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل.