شۆرت روویدا

لە خورماتوو دوو کارمەندی کارەبا لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستدا

964+
سیروان خورشید -خورماتوو

ئەمشەو لە گەڕەکێکی قەزای خورماتوو، بەهۆی دروستبوونی “شۆتی” کارەبا لە کاتی چاککردنەوەی محاویلەیەک، دوو کارمەندی فەرمانگەی کارەبا گیانیان لەدەستدا.
عەلى فەلاح، بەڕێوەبەرى بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى خورماتوو بە 964ـى وت،”تیمێکی چاککردنەوەی سەر بە فەرمانگەی کارەبای خورماتوو چوونەتە گەڕەکی کۆماری بە مەبەستی چاککردنی محاویلەیەک، لەو کاتەی کارمەندێک لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بەرزکەرەوە (کرێن) چووەتە سەر ستوونەکە”.
وتیشى: “بەهۆی بارانبارینەوە، لە کاتی بەریەککەوتنی بەرزکەرەوەکە و ستوونەکە شۆتی کارەبا دروستبووە، بەو هۆیەوە کارمەندی سەر ستوونەکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.”

لە ئێستادا تەرمى دوو کارمەندەکە لە خورماتوون و بڕیارە بۆ پشکنینى دادى رەوانەى کەرکوک بکرێن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح