دژى دەرهێنانى مۆڵەتى گەشتوگوزار
بەشێک لە کاسبکارانى هەڵەبجە گردبوونەوە
+964
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
دژی بڕیاری دەرهێنانی مۆڵەتی گەشتوگوزار، بەشێک لە کاسبکارانی ناو سەنتەری هەڵەبجە گردبوونەوە و داوا دەکەن دەرهێنانى مۆڵەتى گەشتوگوزار، خاوەن شیرینى و کافێ و رێستۆرانت و چێشتخانەکانى سەنتەرى شار نەگرێتەوە.
غاندى مەحمود یەکێک لە خاوەن چێشتخانەکانى هەڵەبجە بە 964ـى وت،”سەنتەرى شارى هەڵەبجە شوێنێکى داخراوە و شوێنێکى گەشتیارى نییە، تا پێویست بکات مۆڵەتى گەشتوگوزار دەربهێنین”.
دەشڵێت: مۆڵەتەکە پێویستە بۆ دەرەوەى شار و ناوچە گەشتیارییەکان بێت.
کاوە فایەق یەکێکى ترە لەو کاسبکارانەى بەشدارى گردبوونەوەکەى کردووە و بە 964ـى وت،”پێویستە دەرهێنانى مۆڵەت ئەوان نەگرێتەوە، چونکە سەردانیکارەکانیان گەشتیار نین، بەڵکو خەڵکى شارەکەن، ئەگەر مۆڵەتى گەشتوگوزار دەربکەن باج و رسومات لەسەریان زیاد دەکات و ناتوانن بەردەوام بن”.
لاى خۆیەوە ھەورامان جەلال، وتەبێژی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە سەبارەت بەم بابەتە بە 964ـى وت،” بابەتەکە گشتگیرە و شتێک نییە تایبەت بێت بە بەڕێوەبەرایەتی ئێمە، تەنانەت ئێمە ھەڵەبجەمان لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکان داناوە، بۆ ئەوەی کە بڕی باجەکە کەمتر بێت، ناشتوانین بەشێک لە دووکانەکان جیا بکەینەوە و چونکە ھەموویان دەگرێتەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح