وەستایەک ئەوەى کردووە

بیوایدیان فێرى کوردى کرد

رێباز یونس- هەولێر

ئەوانەی ئۆتۆمبێلی جۆری (بیوایدی – BYD)یان هەیە، لەمەودوا پێویست ناکات خەمی زمانی چینیی ناو شاشەکەیان بخۆن، چونکە وەستایەکی کورد ئەو کێشەیەی بۆ چارەسەر کردن و زمانی شیرینی کوردیی خستە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە.

وەستا ئیبراهیم قادر، کە بۆ یەکەمجار بەرنامەی زمانی کوردی و عەرەبیی بۆ ئۆتۆمبێلی بیوایدی داناوە، قسەی بۆ 964 کرد و باسی لەوە کرد، پێشتر خەڵکێکی زۆر بێزارییان لە زمانی چینیی ئۆتۆمبێلەکە دەردەبڕی و نەیاندەتوانی وەک پێویست کاری پێ بکەن، بەڵام لە رێگەی ئەو بەرنامەیەی دایانناوە، ئێستا شۆفێر هەرچییەکی بوێت بە زمانی کوردی بۆی جێبەجێ دەکرێت.

تایبەتمەندیی ئەم کارە تەنیا لە گۆڕینی نووسینی سەر شاشەکەدا نەوەستاوە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی دەنگیشی بە زمانی کوردی و عەرەبی بۆ زیاد کراوە،واتە لە بری زمانەکانی تر، راستەوخۆ بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکەیت و ئەویش کارەکەت بۆ دەکات.

وەستا ئیبراهیم دەڵێت، لە هەموو کوردستان تەنیا ئەوان ئەم کارە دەکەن و خەڵکیش دەستخۆشییەکی زۆریان لێدەکات، چونکە ئێستا شۆفێر دەتوانێت بە کوردی پرسیاری کاتی بانگ و نرخی دۆلاری لێ بکات و وەڵامى دەداتەوە و بۆى جێبەجێ دەکات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح