تابلۆیەک باس لە كارەساتێكی مێژوویی دەكات
بێشکەی تاوان دوای 38 ساڵ گەڕایەوە هەڵەبجە
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، نمایشی تابلۆی (بێشکەی تاوان)ی هونەرمەندی نیگارکێش سمکۆ ئەحمەد کرا، کە ماوەیەکی زۆرە لە مۆزەخانەیەکی شاری تۆکیۆ لە وڵاتی ژاپۆن پارێزراوە و بەشداریی چەندین پێشانگای کردووە، وەک دوا مەنزڵ تابلۆکە لە ناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا دانرا.
محەمەد حەمەسەعید، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بە 964ی وت:” دوای راوێژ لەگەڵ خاوەنی تابلۆکە، کە پێی خۆشبوو تابلۆکەی بهێنرێتەوە ناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و لێرە دابنرێت، ئێمەش بە خۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ نمایشمان کرد و داماننا”.
سەبارەت بە مێژووی تابلۆکە محەمەد حەمەسەعید وتی:” مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1988 بەڵام لە ساڵی 2023 دا نوێکراوەتەوە و دەستکاری رەنگەکانی کراوە، تابلۆکە ئەو کات لەسەر پارچە خێمەیەکی ئاوارەکانی هەڵەبجە دروستکراوە، ماوەی چەندین ساڵە لە مۆزەخانەیەکی شاری تۆکیۆ پارێزراوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا