"هەوڵی راگرتنی توندوتیژییەکانی رۆژئاوا بدەن"
رەوەندی کوردی لە بەریتانیا نامە بۆ وەزیری دەرەوە و حکومەت دەنێرێت
964+
فەرهاد حەسەن
رەوەندی کوردی لە بەریتانیا نامە بۆ وەزیری دەرەوە و حکومەتی ئەو وڵاتە ناردووە و داوایان کردووە کە هەوڵی راگرتنی توندوتیژییەکانی رۆژئاوای کوردستان بدەن.
سەرباز بەرزنجی کەسایەتی دیاری کورد لەو وڵاتە بلاویکردووەتەوە، جارێکی دیکە بە فەرمی داوایان لە وەزیری دەرەوەی و وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ توندوتیژییەکانی رۆژئاوای کوردستان رابگیرێن.
لەنامەکەی ئەوە روونکراوەتەوە کە خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی توندوتیژییەکان و شیرازەی کۆمەڵایەتی ناوچەکە لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە، کورد و کەمینەکان لە بەردەم مەترسییەکی گەورە و هەنووکەییدان.
باس لەوەدەکات، کە بەخۆشحاڵییەوە ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە کۆنوسێک وەک مۆشن بە ئیمزای ژمارەیەک پەرلەمانتاری دۆستی کورد بە فەرمی ئاراستەی حکومەت کراوە و داوای راگرتنی توندوتیژییەکان دەکات، هەروەها جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد و خۆبەڕێوەبەری ناوچەکانیان دەکاتەوە.
سەرباز بەرزنجی، رۆژی 28.4.2023 وەك سەرۆكی شارەوانی لەندەن لامبس لە بەریتانیا دەستبەكاربوو، ئەمە یەكەمجار بوو كوردێك بگاتە ئەو پۆستە و لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونیشیدا، نوێنەری چارلسی سێیەم و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لەندەن و بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا ئامادەبوون.