دیمەنێکی بەردەم بانکی باواجی کۆیە لەکاتی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان... وێنە؛ ئەرشیفی بانکی باواجی
دارایی هەرێم چی دەڵێت؟
بەغدا داوای لیستی موچەی فەرمانبەرانی دەكات و لە كوردستانیش باسی موچە نییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دارایی عێراق ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکانی کرد و داوای کرد لیست و خشتەی موچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێرن بە مەبەستی دابینکردنی موچەی مانگی یەک، لە كوردستانیش كەس موچەی لەبیر نییە و وەزارەتی دارایی خۆشمان دەڵێت، جارێ چ لەگۆڕێ نییە.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 26.1.2026 نووسراوێكی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان ناردووە و بڵاویشی كردووەتەوە، تێیدا هاتووە: “بە ئاماژەدان بە بڕیارنامەی کابینەی حکومەت ژمارە (40)ی ساڵی 2026، بە پشتبەستن بەو راسپاردانەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئابووری لە نووسراوەکەیاندا خراوەتەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران، لە سێیەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، راسپاردەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری سەبارەت بە زیادكردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەكان پەسند کرد”.
ئاماژەیان بەوەش کرد، “ئێوە بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەوەی لە بڕیارەکەی سەرەوەی کابینەی حکومەتدا هاتووە کە تایبەتە بە بڕگەی (یەکەم) / 2A B-C) و دابینکردنی لیست و خشتەی موچەی فەرمانبەرەکانتان بۆ بەشی ژمێریاری بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست و موچەی رۆژانە “ئەگەر هەبێت”، کە خەرجی راستەقینەی ساڵی پێشوویان هەیە، كە بە (سی دی)، دوای ئەوەی وردبینی بۆ کراوە و واژۆی لەسەر کراوە لەلایەن بەڕێوەبەری ژمێریارییەوە بنێردرێت، بە مەبەستی دابینکردنی دارایی موچەی مانگی 1ی ساڵی 2026، چونکە ئەو نوسراو و لیستانەی پێشتر بۆ وەزارەت – بەشی ژمێریاری نێردراون پێشتر ئاماژەیەکیان بۆ ئەو بڕیارەی سەرەوە نەبووە.
لە هەرێمی كوردستان چ باسی موچەیە؟
بەپێی ئەو راگەیاندراوەی شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی كوردستان بڵاویكردەوە، جارێ لە هەرێم هیچ باسێكی موچە نییە و تەنانەت باسی رێككەوتنەكەی پێشووش ناكرێ، كە تێیدا هەرێم 120 ملیار دیناری مانگانە و داهاتی نەوتی رەوانەی بەغدا دەكرد و ئەوانیش موچەی فەرمانبەرانیان دەنارد.
وەزارەتی دارایی كوردستان دەڵێت: تا ئێستا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هیچ بریار و رێنماییەک سەبارەت بە رێکارەکانی خەرجکردنی موچە بۆ ساڵی دارایی 2026 نەگەیشتۆتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
تاوەکو ئێستا هیچ رێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی موچەش لە ئارادا نییە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، هەروەک ساڵانی پێشوو بەردەوامن لەسەر جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی دابەشکردنی موچە و هیچ کێشەیەکیش لەبەردەمیاندا نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوە و لیستی موچە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی خاڵی یەکەمە (واتە بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی مووچە لەساڵی 2026).