ئاگربەست لە رۆژئاوای كوردستان بۆ مانگێكی دیكە درێژكرایەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی كاتیی سوریا لەسەر درێژەدان بە ئاگربەست بۆ مانگێكی دیكە رێككەوتن، ئەمەش بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس.

هاوكات هۆشەنگ دەروێش نوێنەری هەسەدە لە هەرێمی كوردستان بە 964ی راگەیاند، هێشتا بە فەرمی رێككەوتنەكە رانەگەیاندراوە، بەڵام ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە ئاگربەست دەبێ درێژ بكرێتەوە، بە تایبەتی ئەمریكا خەریكی گواستنەوەی زیندانیانی داعشە بۆ عێراقە.

ئاگربەستی پێشوو بۆ چوار رۆژ بوو، كە ئەمڕۆ ئێوارەی شەممە 24.1.2026 كۆتایی دەهات.

تا ئێستا هیچ لایەنێكیان بە فەرمی هەواڵی درێژكردنەوەی ئاگربەستەكەیان رانەگەیاندووە، هەروەك نوێنەری هەسەدەش لە هەرێمی كوردستان ئەوەی بە 964 راگەیاند.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاستی کردەوە کە ئاگربەستەکە “بۆ ماوەیەک درێژکراوەتەوە کە دەتوانێت زۆرترین کات بگاتە یەک مانگ”.

هاوکات سەرچاوەیەکی حکومەتی سوریاش بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، رێککەوتنەکە “بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ماوەی مانگێک” درێژ دەکرێتەوە، روونیشیکردووەتەوە “تەواوکردنی گواستنەوەی دەستگیرکراوەکانی داعش یەکێکە لە هۆکارەکانی پشت درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە”.

سەرچاوەیەکی کوردیی ئاگاداریش لە دانوستانەکان بە فرانس پرێسی وتووە، ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە “تا گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی کە هەردوولا رازیی بکات”.

هاوکات لەگەڵ ئاگربەستەکە، ئەمریکا دەستیکردووە بە گواستنەوەی دەستگیرکراوەکانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق و رایگەیاند کە ژمارەیان “دەگاتە حەوت هەزار”.

بەگوێرەی دوو بەرپرسی عێراقی چوارشەممەی رابردوو لە زیندانێکی شاری حەسەکە، گرووپێک لە 150 چەکداری داعش، کە کەسایەتییە دیارەکان و ئەوروپییان تێدایە، گەیشتوونەتە عێراق.

ماوەی چەند رۆژێکە ئاگربەست لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی فراوانتری نێوان حکومەت و کورددا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دوێنێ هەینی مەزەندەی کرد کە ئەو گرووپە کە لە حەوت هەزار ئەندامی داعش پێکهاتوون، خەڵکی سووری و عێراقی و بیانی و هەروەها نزیکەی هەزار کوڕی گەنجی تێدایە.

بڕیاری ئاگربەست بۆ مانگێكی دیكە، دەرفەتێكی باشە بۆ هەردوو بگەنە رێككەوتنێكی تەواو تا كۆتایی بە شەڕ و گرژییەكانی رۆژئاوای كوردستان بێت، كە ماوەیەكە سوپای سوریای عەرەبی هێرش دەباتە سەر ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان، هاوكات ئەم هێرشانە ناڕەزایی كوردانی پارچەكانی دیكە و تاراوگەشی لێكەوتووەتەوە و چەند رۆژێكە خۆپێشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدرێ، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری  كوردانی باشووری كوردستان خۆیان گەیاندووەتە ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوا بۆ پاڵپشتی و بەرگری لە كوردانی ئەوێ.

لەسەر ئاستی سیاسییش هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سەركردەكانی كورد لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و تەنانەت لەگەڵ حكومەتی كاتیی سوریاش بەردەوامە، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و چارەسەری كۆتایی.

"هەموو كوردێک هاوسۆزی رۆژئاوای كوردستانە"