مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا لە كەركوک گردبوونەوە
حكومەتی عێراق دەستی بۆ موچەی فەرمانبەرانی خۆی برد
964+
كاروان ساڵحی – كەركوک
دژی بڕیاری حكومەتی عێراق و ئەنجومەنی ئابووری، بە كەمكردنەوەی موچەی بەشێكی فەرمانبەران و پەیڕەوكردنی سیستمی رێكخستنەوەی موچە، لە لایەن فەرمانبەر و مامۆستایانی زانكۆی كەركوك خۆپێشاندان دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ شەممە 24.1.2026 ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆی كەركوك، كە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵان، لە بەردەم زانكۆكەیان گردبوونەوە.
رێبوار محەمەد سەعید، مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی سەندیكای ئەكادیمیایانی زانكۆیی بە 964ی وت، بڕیارەكە هەموو وەزارەتەكان دەگرێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی دكتۆرا و ماستەریان هەیە، كە بڕیارێكی ناهەقانەیە و دەستبردنە بۆ قوتی فەرمانبەر و مامۆستایان.
وتیشی، ئێستا دەستەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق لە كۆبوونەوەدان و هەوڵدەدەن بڕیارەكە بە پاڵپشتی داواكاری گشتی هەڵبوەشێتەوە.
لای خۆیەوە شێرزاد نوری، كە ئەویش مامۆستایە، دەڵێت، ئەگەر ئازان با موچەی پەرلەمانتاران كەمبكەنەوە، كە پارەیەكی زۆر زۆر وەردەگرن و دوای چوار ساڵیش خانەنشین دەبن”.
هەروەها رێبەر فەریق، فەرمانبەری زانكۆی كەركوک بە 964ی وت، سەرمان سوڕماوە بە بڕینی دەرماڵەی زانكۆ، خۆی موچەكەمان كەمە، بەڵام نابێت لەسەر حیسابی فەرمانبەران بێت.
رێبەر دەڵێت، موچەی زۆر بەرز و خانەنشینی زۆر گەورە هەیە، كە دەكرێت موچەی ئەوان كەمبكرێتەوە و چارەسەر كێشەی گەندەڵی بكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا