دەوترێ مردنی خوایی بووە

تەرمەکەی باشماخ رەوانەی پزیشکی دادیی سلێمانی کراوە

بڕوا مەجید – پێنجوێن

کاتژمێر 10:00ی شەوی رابردوو، تەرمی هاوڵاتییەکی تەمەن 42 ساڵ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن، هەواڵ زانرا کە تەرمەکە بۆنی زۆری هەبووە و ئەگەر هەیە چەند رۆژێک پێشتر گیانی لەدەستدابێت.

بۆ ئەوەی لەبارەی چارەنووسی هاوڵاتییەکە بگەن بە دەرئەنجام بڕیار دراوە، رەوانەی پزیشکی دادیی سلێمانی بکرێ.

دوو سەرچاوە لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن قسەیان بۆ 964 کردووە بە مەرجی ناونەهێنان و دەڵێن، ئەگەر زۆرە مردنی ئەو هاووڵاتییە ئاسایی بووە و گومانی تاوان یان رووداوێکی نائاسایی لێ ناکرێت، بەڵام بۆ دڵنیایی تەواوەتی بردراوەتە پزیشکی دادیی.

بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێک بەسەر گیانلەدەستدانەکەیدا تێپەڕیوە و تەرمەکە ماوەتەوە، بە وردی دیار نییە کە لە چ کات و رۆژێکی پێشوودا کۆچی دوایی کردووە

دوای تەواوکردنی رێکارە ئیدارییەکان لە ناو قەزاکەدا، بڕیار درا تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی بکرێت، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی وردتر و دیاریکردنی کاتی تەواوی گیان لەدەستدانەکەیە پێش ئەوەی رادەستی کەسوکاری بکرێتەوە، هاوڵاتییە دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا