دیمەنێک کە گورگ لە ناوچەیەکی نزیک ئاوەدانی دەردەخات _ وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
"برینی ژنەکە قوڵە"
گوندی سیکتان گورگ پەلاماری ژن و مێردێکی دا
ئاکام غەفور-سۆران
لە گوندی سیکتانی ئیدارەی سۆران، ئەم ئێوارەیە گورگ پەلاماری ژن و مێردێکی داوە و هەردووکیان بریندارن، لە کاتێکدا لە گوند سەرقاڵی بەخێوکردنی پەلەوەر بوون.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئاشتی بۆ 964 وتی، ژن و مێردێک کە تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵە، بەهۆی ئەوەی گورگ پەلاماری دابوون بە برینداری گەیەندرانە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی، پیاوەکە برینی سوکە، بەڵام ژنەکە برینی قول لەسەر قۆڵی هەیە و لە ژێر چاودێری پزیشکە.
شێروان سیتکانی، ئەو پیاوەیە کە گورگ پەلاماری داوە، بە 964ـی وت، هەندێ پەلەوەرمان هەیە لەگەڵ خێزانەکەم هەر لە ناو گوند لە ناو پەلەوەرەکان بووین لە پڕ گورگ پەیا بوو پەلاماری داین کەسوکار و خەڵکی گوند فریامان کەوتن و گورگەکەیان دورخستەوە لێمان ئەگەرنا وازی لێ نەدەهێناین.
وەک باسی دەکات، گورگ گازی لە دەست و قۆڵی خۆی و ژنەکەی گرتووە و برینی ژنەکەی سەختە.