تایەیان سووتاند
خاوەن چێشخانەکانی کەرکوک غازیان لێ بڕاوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەهۆی کەمی غاز ژمارەیەک لە خاوەن و شاگردی چێشتخانەکانی کەرکوک رژانە سەر شەقام و رێگای نێوان گەڕەکی ئەڵمان و عرەفەیان داخست، بەوتەی خۆیان پێشتر رۆژانە 10 بوتڵی غازیان پێ دەدرا، بەڵام ئێستا کەم کراوەتەوە بۆ یەک بوتڵ بۆ دوو رۆژ.
ئەرکان مەحمود خاوەن چێشتخانە بە 964ـی وت، بەیانی رۆیشتووم بۆ وەرگرتنی غاز پێیان وتوم 15 رۆژ جارێک یەک بوتڵ پێ دەدرێت ئەوەش بە کۆبۆنی ماڵەوە، ئێستا من ماڵەوەم بێ غاز کردووە لە پێناو چێشتخانەکەم، 15 کرێکارم هەیە حکومەت نە ئیش و کاری هێشتووە نە هاوکاری دەکات.
لە خۆپیشاندانەکە گرژی دروست بوو، خاوەن چێشتخانەکان تایەیان سوتاند و هێزە ئەمنییەکان هاتنە ناوچەکە.
دڵزار حوسێن، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن چێشتخانەکان بە 964ـی وت، رۆژانە 8 بوتڵ غاز سەرف دەکەم، بەڵام ئێستا چێشتخانەم داخستووە، چارەسەری ماڵانیان کردووە بەوەی 15 رۆژ جارێک بۆتڵی غازمان پێ دەدەن، بەڵام چێشتخانەکان چی 15 سەرخێزان بژێوی ژیانی لەسەر ئە چێشتخانەیە، پێمان دەڵێن غاز نیە بڕۆن دایبخەن.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتیەکانی کەرکوک بە 964ـی وت، پێشتر رۆژانە 18 هەزار بوتڵ غاز بەرهەم دەهێنرا، بەڵام ئێستا 22 هەزار بوتڵ بەرهەم دەهێنرێت، پێشتر بە ئارەزوی خۆیان غازیان پڕدەکرد، بەڵام ئێستا کراوەتە کۆبۆن بۆ ئەوەی بە قاچاخ نەڕوات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا