ژنانی رانیە بە 35 تابلۆ یادی 8ـی مارسییان کردەوە

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

کچانی شێوەکارانی رانیە بە 35 تابلۆی جۆراوجۆر یادی 8ـی مارسییانن کردەوە.

لە کتێبخانەی گشتی رانیە، گروپی شێوەکاری کچانی رانیە بە 35 تابلۆی هونەری جۆری گرافیک و سیرامیک و دیزاین، هەشتەمین پێشانگای شێوەکاری خۆیان کردەوە.

پێشانگایەکە هاوکاتی ساڵڕۆژی ژنانە کە دەکاتە ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی مارس، رێکخراوی رایەل بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری پشتگیری و سەپۆرتی پێشانگایەکەی کردووە.

گروپی شێوەکاری کچانی رانیە، پێکهاتوون لە حەوت ژنە هونەرمەندی شێوەکاری دانیشتووی قەزای ناوەندی رانیەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.

ئەمە یەکەمین پێشانگای ئەو گروپە نییە و پێشتر لە چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان پێشانگای شێوەکارییان ئەنجامداوە.

رێژنە حەمید، سەرپەرشتیاری گروپەکە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: دەمانەوێت لەم رێگەیەوە زیاتر گروپەکەمان بناسێنین و دواجار پشتگیری ژنانی کورد بکەین.

زیاتر وتی “لە رێگەی کارە هونەرییەکانمانەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە دەرخستنی جوانییەکانی ژنان و دەربڕینی ئازارەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا و ئەو کێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.

هاوشانی پێشانگایەکە، هەر ئەمڕۆ چەندین چالاکی دیکە لە رانیە بەڕێوەدەچێت لەوانە پێشانگای کاری دەستی و خواردن و شێوەکاری بۆ پەنجا ژن کرایەوە.

شیلان سەعید، لێپرسراوی ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە بە 964+ـی راگەیاند: ئامانجیان لەو کارە دۆزینەوەی هەلی کارە بۆ ژنان کە لێرەدا ئەمڕۆ کارەکانی دەستی خۆیان نمایشکرد، هاوڵاتیانیش پێشوازی باشیان لێکردن کە ئەمە دەبێتە هۆی سەرچاوەیەکی خۆبژێوی بۆ ئەوان و دەرخستنی توانا هزری و جەستەییەکانی ژن”.

زیاتر وتی “لەچاو ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ بەدەمەوەهاتنی باش بۆ بەشداری ژنان هەبووە”.

شۆڕش عەزیز، یەکێک لەو کەسانە بوو کە ئامادەی پێشانگایەکە بوو، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: زیاتر بە توانا شاراوەکانی ژنانی رانیە و دەڤەرەکە سەرسام بووم.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق