درۆنی توركیاش بەشدارە

لە كۆبانێ شەڕە و چەكی قورس بەكاردێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا لە دەوروبەری شارۆچکەی جەلەبیە، کە دەکەوێتە نێوان لادێیەکانی تەل ئەبیاد و لادێیەکانی کۆبانی، روویداوە.

سەرچاوەكە دووپاتی کردەوە شەڕەکە تەنیا لە جەلەبیە سنووردار نەبووە، بەڵکو چەند گوندێکی دیکەی ناوچەی رۆژئاوای کوردستانی کردووەتە ئامانج، لەوانە خانمامەد، کەربەناب، مەراسەر، خەراب راز، ئەمەش ترسێکی بەرفراوانی لای دانیشتووانی ناوچەكە دروستکردووە و بەشێکیشیان ناچار کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

دوای ئاگربەست

دوای ئاگربەست "شانەی نوستوو" پەلاماری هەسەدەیان داوە

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداریشدا، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، هێرشی راستەوخۆ كراوەتە سەر شاری کۆبانی، كە هاوکاتە لەگەڵ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر مەفرەقی سەڕین لە ناوچەی فورات، ئەم پەرەسەندنەش بەشێکە لەو شەڕ و ململانێیانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچەکەدا بەردەوامە، هاوكاتیشە لەگەڵ گفتوگۆی نێوان فەرماندەی هەسەدە و سەرۆكی كاتیی سوریا.

سەرچاوەكە هەواڵی هێرشکردنە سەر دانیشتوانی گوندی تولک لە باشووری شارۆچکەی خاک رۆتکۆشی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوونە، ترسی ئەوەش هەیە شەڕەکە تەشەنە بکات و خەڵكی سڤیل زیاتر بەربكەون.

روانگەی سوری هەروەها زانیاری ئەوەی داوە، ئەمشەو لە دەوروبەری عەین عیسا و گوندی ئەبوسەڕا لە باکووری شاری رەققە پێکدادانێکی توند لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا سەریهەڵدا و هاوکات بوو لەگەڵ هەڵکشانی سەربازی و ئەمنی لە چەند ناوچەیەکی باکووری سوریا.