داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکرێت بێتە سەرخەت
هۆشدارییەکى دیکە لەبارەی ئەو زیندانەی رەقە کە داعشەکانی تێدا زیندانی کراون
964+
فەرهاد حەسەن
ئیدارەی خۆسەری هۆشداری دەدات کە بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان و پەرەسەندنی سەربازی لەلایەن گروپەکانی سەر بە حکومەتی تورکیا مەترسی لەسەر ئەو زیندانە دروست دەبێت کە لە شاری رەققە دەستگیرکراوانی داعشی تێدا زیندانی کراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان، ئەو هێرشانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی ئینتقالی لە سوریا ئەنجام دەدرێن، نەک هەر هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی دەکەن، بەڵکو تەواوی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، ئەویش مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرە.
ئیدارەکە، هۆشداری دەدات لە دروستبونی مەترسی لەسەر ئەو زیندانەی کە دەستگیرکراوانی تیرۆریستی داعشی لە شاری رەقە تێدایە، چونکە دەڵێت “بەردەوامی هێرشەکان و پەرەسەندنی سەربازی لە دەوروبەری ناوچەکە رەنگە دۆخی ئەمنی زیندانەکە تێکبدات، کە ئەمەش مەترسییەکی راستەقینەی کاراکردنەوەی شانەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە دروست دەکات، کە کاردانەوەی کارەساتباری دەبێت نەک تەنیا بۆ رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام بۆ تەواوی سوریا و ناوچەکە و جیهان بەگشتی.
خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و کەمپەکانی ئاوارەکان و بەتایبەت زیندانەکانی دەستبەسەرکردنی داعش، بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە و پێویستی بە راگرتنی دەستبەجێی هەیە.
داواش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات دان بە گەورەیی و جددیەتی بارودۆخی ئێستادا بنێت و بە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و بە جددی و کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو پێشێلکاری و مەترسیانەی کە لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا ئەنجام دەدرێن.