سەرۆكە دەستگیركراوەكەی ڤەنزوێلا

مادۆرۆ هاندەری سەرسەختی بارسێلۆنا و لیۆنێل مێسییە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

واز لەوە بێنن نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی ڤەنزوێلا ئێستا بەخۆی و ژنەكەی لە ئەمریكا دەستگیركراون و دادگاییش كران، بەڵام بۆ خوا بڵێین و رەنگە ئێوەش نەزانن، كە مادۆرۆ پیاوێكی وەرزشدۆستە، هاندەرێكی سەرسەختی یانەی بارسێلۆنا و لیۆنێل مێسییە، هەروەها دۆستی ئەفسانەی تۆپی پێ دیێگۆ مارادۆنای كۆچكردوو بوو، تەنانەت مارادۆنای ناونابوو “هاوڕێی شۆڕش”.

مادۆرۆ لە شەممەی رابردوو لەلایەن هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەیەوە لەگەڵ ژنەكەی دەستگیركران و گواسترانەوە بۆ ئەمریكا، بەڵام بەسەرهات و چیرۆكە وەرزشییەكانی لەبیرناچن.

نیكۆلاس مادۆرۆ دوور لە سیاسەت و ململانێیەكان، زۆر عاشقی تۆپی پێیە، هاندەری بارسێلۆنایە و لە 2021 دانی پێدانا، كە بۆ مێسی گریاوە، كاتێك بینی ئەو ئەستێرەیە لە یانەی بارسێلۆنا رۆیشت و بە گریانەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەركەوت.

مادۆرۆ دەڵێت، خۆم بۆ نەگیرا و منیش بۆ مێسی گریام.

ئەوكاتیش وتی، ئیدارەی بارسێلۆنا كارێكی ناشیرینیان بەرامبەر لیۆ كرد، چونكە لیۆ كوڕێكی پاك و راستگۆیە و رەمزێكی گەورەی تۆپی پێیە.

مادۆرۆ جارێكی دیكە لە كۆبوونەوەی حكومەتەكەی بووە و وڵاتەكەی یەك دنیا كێشەی هەبوو، بەڵام كاتێك هەواڵی پێدەدەن مێسی ژمارەی گۆڵەكانی لە خولی ئیسپانیا گەیاندە 300 گۆڵ، ئیتر ئەو واز لە كۆبوونەوە دەهێنێت و بابەتەكە بۆ وەرزش دەگۆڕێ و هاوار دەكات بژی مێسی، بژی كەتەلۆنیا.

سەرۆكەكەی ڤەنزوێلا هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بە وەزیر و جەنەڕالە سەربازییەكانی دەڵێت، ئای دەی پێم بڵێن كێ هاندەری بارسێلۆنایە و كامەتان هاندەری ریال مەدریدن؟

چیرۆكی دیكەش لە بارەی مادۆرۆ هەن و لەوكاتەی دنیا بە دەست ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەیناڵد و كەس بە تەمای خۆی نەبوو، مادۆرۆ لە بۆنەیەكدا دەركەوت و جلێكی یانەی بارسێلۆنای لەبەربوو، بە پێكەنین و گاڵتەشەوە وتی، كاكە ئەوە گرێبەستم لەگەڵ بارسێلۆنا كردووە و وەك یاریزانێكی یەدەگ یاریی دەكەم.

ئەمڕۆ مادۆرۆ وەك تۆمەتبار و بازرگانێكی مادەی هۆشبەر و چەك  دەستگیركراوە و شكۆی وڵاتەكەشی شكێندراوە، بەڵام ئەو بەلای وەرزشوانان و بە تایبەتی هاندەرانی بارسێلۆناوە، كەسێكی تایبەتە و بێگومان سۆز و عاتیفەشیان بۆی هەیە و رەنگە نزای خێریشی بۆ بكەن لەو وەزعەی تووشی بووە، رزگاری بێت.