"بەنزینەکەمان باشە و بهێڵن کەسابەتی خۆمان بکەین"

بەنزینفرۆشەکانی سەرجادە لە سەیدسادق دەنگیان هەڵبڕی

بڕوامەجید – سەیدسادق

بەنزینفرۆشەکانی سەر جادە لە سەیدسادق و شارەزوور ناڕازین و دەڵێن، بەنزین و گازەکەی ئێمە هیچی کەمتر نییە لە حکومییەکە و بۆ نایەڵن کاسبی خۆمان بکەین.

زیاتر لە هەفتەیەکە بەبڕیاری قایمقامیەت رێگەنادرێت لەسەر رێگا و جادە لاوەکییەکان، بە دەبە گاز و بەنزین بفرۆشرێت، ئەمڕۆ بەشێک لەو کاسبکارانە لەبەردەم بینای قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق گردبوونەوە، عومەر حاجی علی وەک نوێنەری ئەو بەنزینفرۆشانە بە 964ـی وت، “لەمێژەیە ئەم کارە دەکەین و کارئاسانی باشمان کردووە بۆ برا جوتیارەکان، چونکە هەندێک جار بەقەرزیش دەیاندەینێ تا ئەوکاتەی بەرهەمەکانیان دەچننەوە، کوالێتی بەنزین و گازیشمان ئەگەر لە هی بەنزینخانەکان باشتر نەبێ، خراپتر نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە نرخێکی زۆر گونجاو بەنزین و سووتەمنی دەفرۆشنەوە بە هاوڵاتیان و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رێکارەکانی پاراستنی ژینگە و تەندروستیان رەچاو کردووە، بەڵام پۆلیس و قایمقامیەتی سەیدسادق بەپاساوی نەبوونی مۆڵەت رێگەیان پێنادات ئیشی خۆیان بکەن.

چەند مانگێکە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو، رێگە نادرێت لەسەر رێگا و جادەکان بەدەبە بەنزین و سووتەمەنی بفرۆشرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری