رووداوی هاتوچۆ وای لێکردووە
43 ساڵە عەمودێک خوار بووە و کەس لێی ناپرسێ
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
رووداوێكی هاتوچۆ لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بووەتەهۆی خواربوونی ستونێكی گواستنەوەی كارەبا و تائێستا نەگۆردراوە.
عەمودەکە دەكەوێتە بازاڕی خانەقای مەلا عەلی، كە كۆمەڵێك دوكانی وشكە و سەوزە و میوەی لەخۆگرتووە.
ئەحمەد محەمەد پەیامنێری 964، كاتێك بەشەقامەكە دا تێدەپەڕێت، عەمودەکە سەرنجی رادەكێشێت و عەباس محەمەد، كە عەمودەکە دەكەوێتە بەردەم دوكانەكەی دەدوێنێت، ئەو دەڵێت، “بەپێی گێڕانەوەی دوكاندارە قەدیمییەكان ماوەی 43 ساڵە رووداوێكی هاتوچۆ ستونەكەی خواركردووە تائێستا كەس نەهاتووەتە بۆ چاكردنەوەی”.
وتیشی، چیرۆكی رووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1983و لەوكاتەدا گەڵابەیەك لەدەستی وەردەگرێت و خۆی بە ستونەكە دەگرێتەوە لەو كاتەوە ئاوا ماوەتەوە.
ئەو فرۆشیارە رۆژانە خەڵكی پرسیاری ستوونەکە و خواربوونەوەکەی لێدەكەن و وەڵامیان دەداتەوە، ئەو دەڵێ، بووەتە مەترسی بۆیان و هەر لەو گومانەدان خوانەكردە رۆژێك بكەوێت بەسەریاندا، داواش دەكەن بۆ سەلامەتی گیانی دوكاندارانی گوزەرەكە لایەنی پەیوەندیدار هەستن بەگۆڕینی ستونەكە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا