ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق
" ناوی ئێمە بۆ ململانێ بەکارمەهێنن"
ئەنجومەنی باڵای دادوەری: دەستمان لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیراندا نییە
964+
وریا فەتاح
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکان لە تێوەگلاندنی ناوی سەرۆکی ئەنجومەنەکە لە ململانێی پۆستی سەرۆک وەزیران و رایدەگەیەنێت؛ کاندیدکردنی کەسایەتییەکان کاری قەزا نییە.
ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند؛ لەگەڵ دەستپێکردنی وادە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، تێبینی ئەوە کراوە هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی رکابەر، ناوی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەهێنن لە پرسی کاندیدکردن یان پشتگیریکردنی کەسایەتی دیاریکراودا.
ئەوەى لە راگەیەندراوەکەدا باسکراوە سێ خاڵە:
یەکەم:زانیاری ناڕاست
هەندێک لایەن “پەیجی بێناونیشان” و سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری ناڕاست بە مەبەستی لێدانی ناوبانگی قەزا و کەمکردنەوەی چانسی رکابەرەکانیان.
دووەم: ئەرکی قەزا نییە
ئەنجومەنەکە جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە (وەک ئەوەی لە 27ی تشرینی دووەمی 2025 ڕوونی کردبۆوە)، کە قەزا دەستوەرناداتە کاندیدکردنی هیچ کەسێک، چونکە ئەمە لە چوارچێوەی پسپۆڕی و کارەکانی ئەواندا نییە.
سێیەم: ڕێکاری یاسایى
هۆشداری دەدرێت کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتە بەر کە ناوی “دەسەڵاتى دادوەری” بۆ ململانێی سیاسی بەکاربهێنێت و بێڕێزی بە سەربەخۆیی قەزا بکات.
ئەم روونکردنەوەیەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە کاتێکدایە، کە گفتوگۆ و ململانێی لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.