بە ژمارە
لەمساڵدا هەرچی کراوەوە و نەکراوە دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامارەکەی بڵاوکردەوە
964+
توانا نەقی
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماری سەرجەم رووداوو کارو چالاکییەکانی ساڵی 2025ـی بە ژمارە بڵاوکردەوە و رووداوەکانی کوشتن و دەستبەسەردا گرتن و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری تیادایە.
رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ساڵی 2025 دا توانیویانە 298 ئۆپەراسیۆنی ئەنجام بدەن بۆ دەستگیر کردنی تیرۆرستان، 127 کێوماڵکردنی مۆڵگەی تیرۆرستان و 15 رووبەرووبوونەوە و 716 تیرۆرست دەستگیر کراون.
سکاڵاکانی کە تۆمارکراون
لە بابەتی سکاڵاکان لە دەزگای ئاسایشی هەرێم 171 سکالای ئەلیکترۆنی تۆمارکراون و بەشی زۆریان چارەسەر کراون و هەروەها 11341 سکالای تاوانی جۆراوجۆر تۆمار کراون و لەلای دادوەری لێکۆڵینەوە چارەسەر کراون.
هەر بە پێی ئامارەکان لەکۆی 910 کاری بەدواداچوونی کامێراکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم 270 کاری بە هەماهەنگی بووە لە گەڵ دەزگاکانی دیکە و دادگاکان بووە.
دەستگرتن بەسەر کالا و دەرمانی بەسەرچوو
لیژنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا 52 هەزار و 798 سەردان و بەدواداچوونیان کردووە و لە ئەنجامدا 786 تۆن و 511 کیلۆ خواردنی ماوە بەسەرچوو لەگەڵ دەرمان و مەوادی کشتوکاڵی دەستیان بەسەردا گیراوە.
دەستگرتن بەسەر چەکدا
بە پێی یاسای چەک 212 دۆسییە تۆمارکراوە و تیادا دەستگیراوە بەسەر 1037 پارچە چەک و دەمانچەی جۆراوجۆر.
دەستگرتن بەسەر دراوی ساختە
لەسەر دۆسیەی دراوی ساختە دەزگای ئاسایش و بە بڕیاری دادوەر دەستیگرتووە بەسەر ملیۆنێک و 74 هەزار و 950 دۆلاری ئەمریکی ساختە و هەوەرها 140 ملیۆن و 454 هەزار دیناری عێراقی و 2750 یۆرۆ.
رووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن
لە ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوە هاتووە کە لەمساڵدا 31 هاوڵاتی خۆیان کوشتووە و 22 هاوڵاتیش کوژراون، هەر لەم ساڵدا توانراوە 2192 ئۆتۆمبێل و 968 ماتۆڕسکیل دەستیانبەسەردا بگیرێت.