فەریقی یەكەم محەمەد عەلی ئەلحەداد
فڕۆكەكەی لە توركیا كەوت
سەرۆكی حكومەتی لیبیا: سەرۆكی ئەركانی سوپا گیانی لەدەستداوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
عەبدولحەمید دبەیبە سەرۆكی حكومەتی لیبیا رایگەیاند، سەرۆكی ئەركانی سوپای وڵاتەكەی، فەریقی یەكەم محەمەد عەلی ئەلحەداد، لە كەوتنی فڕۆكەكەی لە ئەنقەرە ئەمشەو گیانی لەدەست دا.
سەرۆك وەزیرانی لیبیا لە تۆڕی ئێكس پۆستی كردووە و پرسە و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەلحداد و هاوكارەكانی راگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەریەكە لە راوێژكار محەمەد عەساوی، لیوا ڤیتۆری گریبیل، لیوا محەمەد جومعە، لەگەڵ محەمەد مەحجوب وێنەگری تیمی راگەیاندنی سەرۆكی ئەركان گیانیان لەدەستداوە، كە لە ناو فڕۆكەكەدا بوون.
ئەمشەو فڕۆکەیەکی جۆری فالکۆن 50 کە محەمەد عەلی ئەلحەداد، سەرۆکی ئەرکانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا “سەرۆكی ئەركانی سوپا” و چوار كەسی تێدا بووە، لە دەوروبەری ئەنقەرە کەوتووەتە خوارەوە، كاتێك دەیەویست لە ئەنقەرەوە بەرەو تەڕابلوس بگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەلحەداد لە ئەنقەرە لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و سەلچوک بایراکتاش سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا وتووێژی ئەنجامدا و تیشکیان خستە سەر هاوکاری سەربازیی نێوان هەردوو وڵات.