"هەوڵیداوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بشکێنێ"

سێنتکۆم: دوو موشەکمان ئاڕاستەی کەشتییەک بە ئاڵای پەنەماوە کرد

شۆڕش قادری

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، دوو موشەکیان ئاڕاستەی کەشتییەک بە ئاڵای پەنەماوە کردووە لەبەر ئەوەی هەوڵیداوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بشکێنێ.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) وێنەیەکی هەلیکۆپتەرێکی جەنگیی هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە جۆری  MH-60 داناوە و نووسیویەتی، ئەم هەلیکۆپتەرە ئەمڕۆ سێشەممە 11.8.2026 دوو مووشەکی ئاگرینی ئاڕاستەی ژووری بزوێنەری کەشتی ڤێلا نۆڤا ( M/V Vela Nova) کرد کە ئاڵای پەنەمای لەسەربوو.

بەقسەی سێنتکۆم کەشتییەکە ویستوویەتی کەنداوی عومان تێپەڕێنێ و گەمارۆی ئەمریکا دژی ئێران پێشێل بکات و بەرەو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بڕوات، کارمەندانی کەشتییەکە چەند هۆشدارییەکی هێزەکانی ئەمریکایان پشتگوێ خستووە، بۆیە تەقەیان لێکراوە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا راشیگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، هێزەکانیان ئاڕاستەی 55 کەشتیان گۆڕیوە، سێ کەشتییان لەکارخستووە و دەستیشیان بەسەر دوو کەشتی دیکەدا گرتووە.