دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
هێزەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان پێدراوە
پێکدادانی خێڵەکان بە رێژەی 92% لە عێراق کەمی کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد، لە پارێزگاکانی عێراق ژمارەی تاوانە تیرۆریستییەکان بەڕێژەی %88 و رووداو و پێکدادانە خێڵەكییەكان بەڕێژەی %92 دابەزیوە، لەگەڵ ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەرجەم هێزە هەواڵگیرییەکان دابین کردووە.
دابینکردنی ئەو فڕۆکانە بۆ رووپێو و ئاشکرکردنی شوێنپێی تاوان و بکەرەکانیەتی.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکە عەمید میقداد میری، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە 964 بینی وتی، وەزارەت هەفتانە نزیکەی 10 هەزار خێزان لە چوارچێوەی پڕۆژەی تۆمارکردنی چەکدا تۆمار دەکات، تا کۆمەڵگە لە چەکی بێ مۆڵەت پاکبکاتەوە، ئەوە هاوتایە لەگەڵ ئەوەی رێژەی تاوانەکان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بە قسەی میری بە رێژەی نزیکەی 14% دابەزیووە.
بە گوێرەی داتای وەزارەتەکە، رێژەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن بۆ %86 بەرزبووەتەوە، وە تەواوکردنی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەش گەیشتووەتە %78، لەگەڵ تەواوکردنی کارەکانی 16 سەنتەر بۆ چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر.
میقداد میری لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەوەی، رێژەی تاوانە تیرۆریستییەکان کە بەڕێژەی %88 و رووداوە خێڵەکییەکان بە رێژەی %92 دابەزیوە وتی، ئاڵوگۆڕی هەزار و 300 زانیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دراون، وە واژۆکردنی 11 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی، هەروەها دروستکردنی سیستەمێکی هەواڵگری بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی دزینی شوێنەوار و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەرجەم یەکە هەواڵگرییەکانی وەزارەت.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، وەزارەتەکە کاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەزار و 231 تۆڕ، کردووە کە 171 تۆڕیان نێودەوڵەتی بوون، میری جەختی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک پیشەسازی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراقدا بوونی نییە، تەنیا سێ کارگە هەبوون بۆ دروستکردنی کەپتاگۆن و کریستاڵ کە ئاشکرا کران و رێگرییان لێکراوە و داخراون.