كوردستان ئاماده‌یه‌ میوانداری جامی كۆنیفا بكات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دۆسیه‌یه‌كی بۆ میوانداریكردنی جامی كۆنیفا پێشكه‌ش كردووه‌ و ئاماده‌یی بۆ پێشوازی له‌ 16 هه‌ڵبژارده‌ ده‌ربڕیوه‌.

سیروان نه‌جمه‌دین سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌رزشی له‌‌ تۆڕی 964، رایگه‌یاند بڕیاره‌ له‌ رۆژانی 13 و 14ی ئه‌م مانگه‌، شاندێكی فیدراسیۆنی نوێی تۆپی پێ، ناسراو به‌ كۆنیفا، سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هه‌رێمی كوردستان دۆسیه‌یه‌كی پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ میوانداریكردنی جامی كۆنیفا و ئاماده‌یی هه‌یه‌ پێشوازی له‌ 16 هه‌ڵبژارده‌ی هه‌رێمه‌كان بكات.

سیروان نه‌جمه‌دین له‌ به‌رنامه‌كه‌دا، كه‌ به‌م زووانه‌ له‌ تۆڕی 964 بڵاوده‌بێته‌وه‌، باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كوردستان ئاماده‌یی هه‌یه‌ میوانداری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ بكات.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، شانده‌كه‌ی كۆنیفا بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ و هوتێل و یاریگه‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان دێن.

فیدراسیۆنی نوێی تۆپی پێ، ناسراو به‌ كۆنیفا، لە 2013  دامەزراوە و فیدراسیۆنێكی تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمه‌كان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی وڵاتی سه‌ربه‌خۆ نین و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ رێگه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێیه‌وه‌ ئه‌ندامی فیدراسیۆنه‌كه‌یه‌.

تۆپی پێی كوردستان پێشتر له‌ 2012 میوانداریی جامی ڤیڤای بۆ هه‌رێمه‌كان كرد و هه‌ر خۆیشی نازناوه‌كه‌ی برده‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند جارێكی دیكه‌ له‌ سوێد و  ئیتالیا، ماڵتا و شوێنی دیكه‌ش به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تیی هه‌رێمه‌كانی كردووه‌.