964 هەڵمەتەکەى راگەیاند
کۆکردنەوەى کتێب بۆ کتێبخانەى چەمچەماڵ
964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
964 وەک دەستپێشخەری و هەنگاوێک هەڵدەستێت بە راگەیاندنى هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەى کتێب بۆ کتێبخانەکەی قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، لەماوەی چەند خولەکێک کۆتایى بەو هەموو رەنج و ماندووبوونەیان هاتووە کە لەماوەی 39 ساڵدا لەو کتێبخانەیە کۆیانکردبووەوە.
وەک ئەوەى هێرش عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى کتێبخانەکە بۆ 964 قسەى کردووە، نزیکەى یەک مەتر ئاو هاتووەتە ناو کتێبخانەکەیان و بە تەواوى وێرانى کردووە و تێکڕا 10 هەزار کتێب و گۆڤار، تێکەڵ بە پاشماوەى ئاوى لافاوەکە بوون.
کتێبخانەکە بەشێک بووە لە سەرچاوەى زانست و زانین بۆ خەڵک و قوتابیان و خوێندکارانى سنوورى چەمچەماڵ، بۆیە وەکو 964 لە دەستپێشخەرییەکەماندا 100 کتێبی جۆراوجۆر پێشکەش بە چەمچەماڵ دەکەین و داواش لە کتێبخانە و ناوەندەکانى چاپ و بڵاوکردنەوە و نوسەران و شەیدایانى کتێب دەکەین، پاڵپشتى هەڵمەتەکەبن و کتێب پێشکەش بە کتێبخانەکەی چەمچەماڵ بکەن و لێنەگەڕێن کتێبخانەکە پەکى بکەوێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح