خواستى لەسەرە

کچان لە دۆزینەوەی بەڵگەی تاواندا وردترن


دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

سەرەڕای مەترسییەکانی پیشەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە نەخوازراوەکان و تەرمدا، بەڵام بەشی “بەڵگەی تاوان” بووەتە جێگەی سەرنجی خوێندکاران و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەتایبەتی لەلایەن کچانەوە.
پروشە قەلەندەر، سەرۆکی بەشی بەڵگەی تاوان لە پەیمانگای تەکنیکی و پیشەیی (برایت)، بە 964ـى راگەیاند، بەهۆی ئەوەی پسپۆڕییەکە نوێیە و خوێندکارانیش حەز و خولیایەکی زۆریان بۆی هەیە، خواست لەسەر بەشەکەیان زۆرە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم بوارە تەنیا لەلایەن کوڕانەوە قۆرخ نەکراوە. پروشە قەلەندەر دەڵێت: “هەر کوڕ لەم بەشەدا نین، بەڵکو کچانیش خواستێکی زۆریان لەسەرە و زۆر بە پەرۆشەوە دێنە بەشەکە.”
سەبارەت بە قورسیی خوێندنەکە و لایەنی دەروونیی خوێندکاران، سەرۆکی بەشەکە دەڵێت: راستە بەشەکە تا رادەیەک مەترسیی هەیە، بەتایبەت لە کاتی گەڕان بەدوای بەڵگەی تاوان و مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە نەخوازراوەکاندا، بەڵام خوێندکاران وردە وردە لەگەڵ دۆخەکە رادێن، تەنانەت شتێکی زۆر ئاساییە ئەگەر خوێندکارێک بۆ یەکەمجار تەرمێک ببینێت و ببورێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو قورسییانەشدا، کچە خوێندکارەکان توانیویانە تواناکانی خۆیان لەم بوارەدا بسەلمێنن. پروشە قەلەندەر جەختی لەوە کردەوە کە کچەکان زۆر زیرەکن، لە کاتی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی وردەکارییەکان و بەڵگەکانی تاواندا، زۆر لە کوڕەکان وردترن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح