سوورپۆشەکان دژی یەک دەوەستنەوە

ئه‌مڕۆ كلاسیكۆی ئینگلته‌را به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

له‌ یاری لووتكه‌ و كلاسیكۆی تۆپی پێی ئینگلته‌را، هه‌ردوو یانه‌ی لیڤه‌رپوول و مانچێسته‌ر یونایتد رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

یارییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5.3.2023 له‌ یاریگای ئانفێڵد له‌ لیڤه‌رپوول ده‌كرێت، كه‌ له‌ گه‌ڕی 26ی خوله‌كه‌یه‌ و كاتژمێر 19:30 ده‌ستپێده‌كات.

به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌، یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له‌ پله‌ی سێیه‌مه‌ به‌ 49 خاڵ و لیڤه‌رپوولیش له‌ پله‌ی شه‌شه‌مه‌ به‌ 39 خاڵ.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی 10 خاڵ له‌ یه‌كتره‌وه‌ دوورن، به‌ڵام چاوه‌ڕێی یارییه‌كی به‌هێز و سه‌رنجڕاكێش ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو یانه‌ ركابه‌رییه‌كی مێژوویی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ و یاری نێوان به‌ كلاسیكۆی ئینگلته‌را ناوزه‌د كراوه‌.

به‌ پێی ئاماره‌كان، یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌ شه‌ش یاری رابردووی له‌ یاریگای خۆیدا، به‌رامبه‌ر یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد نه‌دۆڕاوه‌، 3 بردنه‌وه‌ و 3 یه‌كسانبوونی هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش له‌وه‌ته‌ی كانوونی دووه‌می 2016ـه‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ پرێمه‌رلیگی ئینگلته‌را و له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، كه‌ پێش یاری لووتكه‌ ده‌كرێت، هه‌ردوو یانه‌ی نۆتێنگهام فۆرێست و ئێڤیرتۆن له‌ كاتژمێر 17:00 رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

له‌ خولی ئینگلته‌را یانه‌ی ئارسیناڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌ به‌ 63 خاڵ، مانچێسته‌ر سیتی له‌ دوای ئه‌و دێت به‌ 58 خاڵ.