بۆ بەنزین وەرگرتن
هاتنی ئۆتۆمبێلی شارەکانی دەوروبەر بۆ خورماتوو قەرەباڵغی دروستکردووە
سیروان خورشید – خورماتوو
قەرەباڵغی و سەرەگرتنی ئۆتۆمبێلەکان لە سەرەی بەنزینخانەکانی قەزای خورماتوو تا دێت روو لە زیادبوونە و بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان و شۆفێران و ماوەی دوو مانگە دۆخەکە قورستربووە.
بەوتەی شۆفێران و هاوڵاتیانی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکی ئەم قەرەباڵغییە بەردەوامە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شۆفێرانی شارەکانی تر، وەکو کەلار، کفری، چەمچەماڵ و ناوچەکانی تری گەرمیان، بە لێشاو روو لە خورماتوو دەکەن بۆ وەرگرتنی بەنزین.
دەشڵێن، لەرابردوو بە چەند خولەکێکی کەم توانیویانە بەنزین وەربگرن، بەڵام لە ئێستادا ناچارن بۆ چەندین کاتژمێر لەسەرەدا رادەوەستن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بە زووترین کات چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە و رێکارێک بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی فشار و رێگریکردن لە دروستبوونی سەرەی درێژ لە بەنزینخانەکاندا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی