وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق:

دەبێت دەستی كاری عێراقی 80% و بیانی 20% بێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق پەیڕەوی تایبەت بە دامەزراندنی کرێکارانی بیانی راگەیاند و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکومەت کردەوە، کە تێیدا هاتووە دەبێت عێراقییەکان 80%ی هێزی کار پێکبهێنن، لە بەرامبەردا کرێکارانی بیانی تەنیا 20% پێکبهێنن.

حەسەن خەوام وتەبێژی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 3.12.2025 بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، “وەزارەتەکە کۆمەڵێک پێوەری بۆ رێکخستنی دامەزراندنی کرێکارانی بیانی داناوە، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی دامەزراندنی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی هەلی کار بۆ عێراقییەکان”.

خەوام روونیکردەوە، “لە دیارترینی ئەو پێوەرانە، مەرجی ئەوە هەیە کرێکارانی بیانی خاوەنی بڕوانامەی ئەزموون بن کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیانەوە پشتڕاستکرابێتەوە، جگە لەوەش نابێت ئەو پسپۆڕییەی هەیانە، لە داتابەیسی پلاتفۆرمی (مهن – پیشە)ی وەزارەتدا بەردەست بێت، کە زانیاری لەسەر ئەو کارخوازانەی عێراقی تێدایە، کە لێهاتوویی و ئەزموونیان هەیە کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆدا بگونجێت”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، “خاوەنکارانیش دەبێت پابەندبن بەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران کە لە ساڵی 2024 دەرچووە، کە دیاریکراوە بۆ دامەزراندنی چوار کرێکاری عێراقی بۆ هەر کرێکارێکی بیانی، لە ئەنجامدا 80%ی هێزی کاری عێراقی و تەنیا 20%ی کرێکاری بیانی”.

لە هەرێمی كوردستانیش بڕیارێك هەیە و لە 31.12.2023ـەوە چووەتە بواری جێبەجێكردن، كە تێیدا هاتووە  %75هەلی كار بۆ كرێكاری ناوخۆیی و %25 یش بۆ كرێكاری بیانی بێت.

عێراق 691 کرێکاری بیانی دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکاتەوە

عێراق 691 کرێکاری بیانی دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکاتەوە