"بەتەکنیکی نوێ دەگەڕێین"
تیمەکانی گەڕان بەدوای سێ منداڵەکە زیادکراون
964+
ئەحمەد شەمزین – سۆران
دوو رۆژ بەسەر رووداوە هاتوچۆکەی سۆران تێپەڕی و هێشتا چارەنووسی ئەو سێ منداڵە نادیارە کە لە رووداوەکەدا بێسەروشوێن بوون.
“جگە لە خەڵکی خۆبەخش و هاوڵاتیانی ناوچەکە، چەند تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم و هەولێر و ئاکرێوە هاتوون و ئەمڕۆ بە شێواز و تەکنیکی نوێ گەڕانەکانمان دەستپێکردووە”، کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران وای بە 964 وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پێویست بکات، لەدهۆک و سلێمانی و راپەڕینیش دەتوانن تیمەکانیان ببەنە شوێنەکە.
درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە و لەسەر رێگای کانی ماران لە سۆران، خێزانێک لەکاتی گەڕانەوە لە سەیران کە ژن و پیاوێک و سێ منداڵی تێدابوو، بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کەوتنەناو رووباری گەلی عەلی بەگ، ژن و پیاوەکە رزگاریان بوو بەڵام منداڵەکان و ئۆتۆمبێلەکە ئاوبردی و تا ئێستاش هیچ سۆراغێکیان نییە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری