خانەنشینان لە کۆیە

چاوەڕوانى موچە بە قسەى خۆش و نوکتە کورت دەکەنەوە

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

دواکەوتنى دابەشکردنى موچە لە بانکەکان پەتى چاوەڕوانییەکانى درێژکردووەتەوە، بەڵام خانەنشینان بە گفتوگۆ و قسەى خۆش و نوکتە و باسکردن لە رابردوویان، چاوەڕوانییەکان کورت دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30.11.2025، لە شارى کۆیە، خانەنشینان لەبەردەم بانک چاوەڕێی دەکەن تا کاتژمێر 1ـى پاشنیوەڕۆ دابەشکردنى موچە دەستپێبکات، بەڵام بۆ تیپەڕاندنى چاوەڕوانیان، دوو دوو و سێ سێ لە دەورى یەک کۆبوونەتەوە و دەستیانکردووە بە قسەى خۆش و باسکردن لە یادگارییەکانى رۆژانى رابردویان.

دلاوەر عەبدوڵا، خانەنشینێکە و بە پێکەنینەوە بە 964ـی وت، “هەر شەو دەزانم موچە درەنگ دەگات و دەبێ زۆر چاوەڕێ بکەین، بەڵام هەر خۆمان ناگرین لە ماڵەوە، دێین لێرە ئەو دۆست و هاوڕێیانەمان دەبینین کە ماوەیەکی زۆرە نەمانبینیوون و لێرەش لە چاوەڕوانى موچەدا دەست دەکەین بە قسەى خۆش و باسکردن لە رابردوو”.

ئەوان کە تەمەن و هیلاکی لەسەر روخساریان نیشتووە، کاتێک لە دەورى یەک کۆدەبنەوە و باس لە رابردوویان دەکەن، خەمى دواکەوتنى موچەیان لەبیر دەچێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سبەینێ کرێکارانى خانەنشین موچە وەردەگرن

سبەینێ کرێکارانى خانەنشین موچە وەردەگرن