هۆشداریش دەدات لە فڕێدانى پاشماوەکان

شارەوانى سۆران هەڵمەتى چاندنى دارى ژاڵە دەستپێدەکات

وریا فەتاح

شارەوانیى سۆران بڵاوى کردەوە، سبەینێ یەکشەممە 30.11.2025، سەرۆکایەتی شارەوانی سۆران هەڵدەستێت بەچاندنی داری ژاڵە لە کۆتایی شەقامی 30 مەترى گەرەکی بانە بۆ ئازادی.

شارەوانییەکە لەبارەى فڕێدانى پاشماوەى خۆڵ و خاشاک لە تەنیش لێوارى شەقامە گشتییەکانی وەک (رواندز، سیتکان، کانى، سەر رێگەى هاودیان، پشت ئیدارە، کۆتایى شەقامى 30 مەترى، بانە و ئازادى)، رایگەیاندووە کە فرێدانى پاشماوەکان دووبارە سەریهەڵداوەتەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە، پاشماوەکان لە نزیک ئەو شەقامانە فڕێ بدرێن.

جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک پاشماوەکان فڕێبدات، پێبژاردنى بۆ دەکرێت و لێپرسینەوەى یاسایش بەرامبەر خاوەنکار و شۆفێرەکە دەگیرێتە بەر.

شارەوانى سۆران، لۆفەکانی کاولۆکانى، وەک شوێنی فرێدانی زبڵ و خاشاک، دیارى کردووە.

داواش لە هاوڵاتیان دەکات، هەر کەس بینى ئۆتۆمبێلێک لەو شەقامانە زبڵ و پاشماوە فڕێدەدات، تەنیا یەک وێنەى بگرن یان لە رێگەى واتساپى (07519798821) ئاگاداریان بکەنەوە.