رێگرى لە رۆژنامەنوسان کراوە
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی گوندی لاجان دەکات
964+
وریا فەتاح
تۆڕی هاوپەیمانی 19، دوای رووداوەکەى گوندی لاجان لە پارێزگای هەولێر، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هەموو جۆرە توندوتیژییەک ئیدانە دەکات.
هاوپەیمانییەکە داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر دەکات لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەسەر “کوژرانی هاوڵاتییەکی سڤیل” لە بەردەم کۆمپانیای لاناز بکەن و مافی هاوڵاتیان لە رێکخستنی خۆپیشاندان و گردبوونەوە بپارێزن، هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت رێگری لە رووماڵی رۆژنامەنووسان بکرێت.
وردهكاری رووداوهكه:
پاشنیوەڕۆی 29ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کاتی خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی گوندی لاجان لە بەردەم کۆمپانیایەک بەهۆی داوای دامەزراندن، شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو، لە ئەنجامدا، کەسێک کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئاماژەی بەوەش کردووە کە رێگری لە چەندین دەزگای راگەیاندن کراوە رووماڵی رووداوەکە بکەن، و کەلوپەلی رۆژنامەوانیشیان شکێندراوە، شەیما ئەحمەد، پەیامنێری کەناڵ 8، بە تۆڕی 19ی راگەیاندووە: “لە کاتی رووماڵی راستەوخۆدا بووم لەسەر رووداوەکە، لەلایەن چەند کەسێک بە بەرگی سەربازییەوە هێرشکرایە سەرمان و پەخشەکەیان وەستاندین، هەروەها بەشێک لە کەلوپەلی رۆژنامەوانییەکەیشمانیان شکاند.”