ژیانی نەجات عەبدولواحید
كتێبی “ئەفسانە بێ بەختەكە” بڵاوكرایەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
ژیان و كاروانی وەرزشیی نەجات عەبدولواحید، لە كتێبێكدا نووسرایەوە و بڵاوكرایەوە، خەڵاتێكی تایبەتیش پێشكەش بەو وەرزشوانە دێرینەی هەولێر كرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.11.2025 لە بۆنەیەكدا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش، كتێبی “ئەستێرە بێ بەختەكە” بڵاوكرایەوە، كە باس لە ژیان و كاروانی وەرزشی دیارترین ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی هەولێر و كوردستان نەجات عەبدولواحید دەكات.
كتێبەكە لە لایەن نووسەر زاگرۆس نانەكەلی نووسراوە و ئامادەكراوە و چاپێكی جوانی بۆ كراوە.
964 لە بۆنەكە ئامادەبوو، هاوكات زاگرۆس نانەكەلی بە 964 قسەی كرد و رایگەیاند، بە ئەركی خۆی زانیوە چیرۆكی ژیان و كاروانی وەرزشی نەجات عەبدولواحید بكات بە كتێب و بە دۆكیۆمێنتی بكات، چونكە بەشێكە لە مێژووی تۆپی پێی هەولێر و كوردستان.
وتیشی، بۆ كتێبەكە 78 كەسایەتییم دواندووە، كە 78 ساڵ تەمەنی نەجات عەبدولواحیدە، بەرهەمی دیكەشم لەبەردەستە لە بارەی مێژووی وەرزشی كوردستان و هەوڵدەدەم لە ماوەی داهاتوو بڵاویان بكەمەوە.
هەر لە بۆنەكەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش خەڵات و رێزلێنانی پێشكەش بە نەجات عەبدولواحید كرد.
بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش سەردار ئیسماعیل لەمبارەیەوە بە 964ی راگەیاند، “بۆنەی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەمان بە دەرفەت زانی و پێمان خۆش بوو خەڵات و رێزلێنان پێشكەش بەو ئەستێرەیە زیندووەی وەرزشی كوردستان بكەین، كە ساڵانێكی زۆر خزمەتی كردووە”.
نەجات عەبدولواحید كێیە؟
دیارترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی هەولێرە، لە پەنجاكان تا ناوەڕاستی هەشتاكان یاریی كردووە، وەک”دیاردە”یەكی ناوازە بووە لە تۆپی پێی هەولێردا.
لە هەڵبژاردەی هەولێر و یانەكانی پۆلیسی هەولێر، ئەنوار، هێرش، هەروەها دوو ساڵ لە یانەی شوڕتەی بەغدا یاریی كردووە.
هێرشبەر بووە و سەدان گۆڵی تۆمار كردووە، دەستكەوت و جام و نازناوی زۆری بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی هەڵكشانی تەمەن و باری تەندروستییەوە، زۆر شتی لەبیر نەماوە، تۆمارێكی وردیش بۆ گۆڵ و نازناوەكانی بەردەست نییە.
نەجات عەبدولواحید خەڵكی شاری هەولێرە و ئێستا تەمەنی 78 ساڵە و تەندروستی باش نییە.