"لاسایی ئەکتەرێکی تورکی کردووەتەوە"
کچە قوتابییەکەی کەرکوک گەڕایەوە قوتابخانە و چەپکە گوڵی بۆ مامۆستاکانی برد
964+
دیلان محەمەدجەزا
ئەو کچە قوتابییەی کەرکوک کە بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی لاساییکردنەوەی کاردانەوەی لێکەوتەوە، لەگەڵ مامۆستاکانی ئاشتبووەوە و چەپکە گوڵی بۆ بردن.
چەند رۆژ لەمەوبەر گرتەڤیدیۆی کچە قوتابییەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تیایدا وادەردەکەوێ بە تەنزەوە لاسایی مامۆستای کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، ئەوەش بەشێک لە مامۆستایان و پەروەردەکارانی نیگەران کرد.
ماڵی ئەو قوتابییە لە کەرکوکـن و ئەمڕۆ دووشەممە 24.11.2025 دایکی کچەکە بە 964ـی وت، ” کچەکەم ئەمڕۆ چووەتەوە قوتابخانە و چەپکە گوڵی بۆ بردوون”.
“کچەکەم بەهرەی لاساییکردنەوەی تێدایە و لاسایی ئەکتەرێکی تورکی هاوتەمەنی خۆی کردووەتەوە کە ئەو ئەکتەرە لاسایی مامۆستاکەی خۆی کردووەتەوە”، دایکی کچەکە وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەیەک لەمەوبەر، هاوسەری واتە باوکی کچەکە، کۆچی دوایی کردووە و تووشی حاڵەتێکی ناخۆش بوون و دوو مانگ لە خوێندن دابڕاوە، بۆیە دوایکرد، “خەڵک تانە و توانج و هێرشە ناڕەواکان رابگرن، بۆ ئەوەی بە دەروونێکی باشەوە دەست بە خوێندن بکاتەوە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری