لە پێناو کوژاندنەوەى ئاگرێک گیانى بەخشى
بە فەرمانى مەسرور بارزانى ئارى موختار بە شەهیدى ژینگە ئەژمار کرا
964+
وریا فەتاح
ئارى موختار، ئەو گەنجە خۆبەخشەى هەڵەبجە کە لە پێناو کوژاندنەوەى ئاگرێک گیانى بەخشى، بە فەرمانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت، وەک شەهید ئەژمار کرا.
بەپێى نوسراوێکى ئەنجومەنى وەزیران کە واژۆى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لەسەرە، بڕیاردرا بە هەژمارکردنی خوا لێخۆشبوو ئاری مختار جەمال وەک شەهید.
شەهید ئاری، ئەو گەنجە خۆبەخش و دڵسۆزەی پارێزگای هەڵەبجە بوو کە لە کاتی بەشداریکردنی لە هەوڵەکانی کوژاندنەوەی ئاگری ژینگەی پارێزگاکەدا، بەهۆی سەختیی سوتاوییەکەیەوە گیانی پاکی بەخشی.
لاى خۆیەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگارى هەڵەبجە رایگەیاند،”بە شەهید ناساندنی شەهید ئاری، کەمترین رێزو وەفایە کە دەتوانین پێشکەش بە قوربانیدانە گەورەکەی بکەین”.
رۆژى 17.8.2025، ئاگرێکى گەورە لە سنوورى گوندەکانى چنار و مۆدرین لە پارێزگاى هەڵەبجە کەوتەوە، ئارى موختار وەک یەکێک لە خۆبەخشان بەشدارى لە کوژاندنەوەى ئاگرەکە کرد، بەڵام بەهۆى بەرکەوتنى بە ئاگر بریندار دەبێت و دواتر لە نەخۆشخانە، گیانى بەخشى.
