دیمەنی قەزای دەربەندیخان_ وێنە:964
دەڵێن، تیمی هەژماری من نەچوون
سێ فەرمانبەری بانکی دەربەندیخان فۆڕمی هەژماری من پڕدەکەنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لەگەڵ ئەوەی داوایان کردووە لیژنەی هەژماری من لەناو بانکەکەیان کار بکەن و رەتکراوەتەوە، بەڵام سێ فەرمانبەری بانکی دەربەندیخان بڕیاریان داوە، رێگەی دووری خەڵک نزیک بکەنەوە و خۆیان ئەو کارە جێبەجێ بکەن.
پێویست ناکات هەر فەرمانبەر و خانەنشینێک لەو بانکە موچە وەردەگرێ، بچێت بۆ ناوچەیەکی دیکە هەر لە بانکەکە خۆیان فۆڕمی “هەژماری من”ـیان بۆ پر دەکەنەوە.
ئەوەی پێویستە لەگەڵ خۆت بیبەیت بۆ مامەڵەکە؛
یەکەم: کۆپی کارتی نیشتمانیی
دووەم: کۆپی کارتی زانیاریی
سێیەم: کۆپی پێناسی موچە
چوارەم: کۆپی پاسپۆڕت
پێنجەم: وێنەیەکی معامەلات
لە روونکردنەوەکەدا کە لە فەیسبووکی خۆی ئەمشەو 19.11.2025 نوسیوویەتی بانکەکە دەڵێت، بۆ زانیاری هەمووان پێویستە لەسەر موچەخۆر کە فۆرمی هەژماری من پڕبکاتەوە و دواتر بیگەڕێنێتەوە بۆ تیمەکانی هەژماری من کە بۆ ئاسانکاری زۆرجار لە ناو بانکەکاندا دەوام دەکەن، بەڵام نەهاتوون بۆ بانکەکەی ئەوان.
لەبری ئەوان سێ فەرمانبەریان ئەو کارە دەکەن و دەشڵێ، زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت فۆرم دابەشدەکەن و فۆرم پڕدەکەنەوە، ئەو موچەخۆرانەی کە لە بانکی دەربەندیخان مووچە وەردەگرن پێداویستییەکان بهێنن بۆ بانک و پێویست ناکات لای عەریزەنووس فۆرم پڕبکرێتەوە.
دەقی روونکردنەوەکەی بانکی دەربەندیخان؛
ڕونکردەنەوەیەکی پێویست
بۆ زانیاری هەمووان پێویستە لەسەر مووچەخۆر کە فۆرمی هەژماری من پڕبکاتەوە و دواتر بیگەڕێنێتەوە بۆ تیمەکانی هەژماری من کە بۆ ئاسانکاری زۆرجار لە ناو بانکەکاندا دەوام دەکەن ، ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدەین کە تیمێکی هەژماری من بێت بۆ دەربەندیخان بۆ ئەوەی فۆرمی مووچە خۆرەکانی دەربەندیخان وەربگرنەوە بەڵام ئەوەبوو نەکرا و نەهاتن،، بەڵام ئێمە وەک سێ فەرمانبەر لە بانکی دەربەندیخان بڕیارماندا بە شێوەیەکی خۆبەشی ئەو ئەرکە بگرینە ئەستۆی خۆمان بۆ ئەوەی ئەو مووچەخۆرانی دەربەندیخان توشی ماندو بوون نەبن و ڕێگەیان بۆ نزیک بکەینەوە ،، زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت فۆرم دابەشدەکەین و فۆرم پڕدەکەینەوە، ئەو مووچەخۆرانەی کە لە بانکی دەربەندیخان مووچە وەردەگرن ئەم پێداویستیانەی لای خوارەوە بهێنن بۆ بانک فۆرمەکەیان بۆ پڕدەکەینەوە(تکایە پێویست ناکات لای عەریزە فۆرم پڕبکرێتەوە تەنها استنساخەکان بهێنن)
ئیستنساخی ئەم شتانە بهێنن لەسەر ڕوو پەڕەک
1- کارتی نیشتیمانی
2- کارتی زانیاری
3- پێناسی مووچە وەرگرتن
4- ئەگەر هەبوو جواز سفر
5- وێنەیەکی معاملات