بۆ یه‌كه‌مجار پەیمانگایه‌ك لەسەر ئاستی هەرێم ئه‌مه‌ ده‌كات

کورسی خۆڕایی بۆ کوڕ و کچی تاقانە و بریندارانی چەکی کیمیاوی هەڵەبجە دابین ده‌کرێت

فه‌رهاد خه‌سه‌ن

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاروبارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كو مژده‌یه‌ك دابینكردنى كورسی خۆرایی بۆ کەسوکاری شەهیدان و تاقانەکانی کیمیاباران و بریندارانی چەکی کیمیاوی پارێزگاكه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم په‌یمانگایه‌ك ئه‌وه‌یان بۆ ده‌كات.

کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە له‌گه‌ڵ د.کارزان عەبدوڵڵا، نوێنەری راسپێردراوی دەستەی ئەمیندارانی پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی هەڵەبجە، سەردانی پارێزگاری هەڵەبجەیان کرد و ئه‌م هه‌واڵه‌یان پێدا.

په‌یمانگاكه‌، بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیاوی لە کەرتی خوێندندا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیاوی ، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ى كردووه‌.

پەیمانگاکە جیاواز لە دابینکردنی کورسی خوێندنی خۆڕایی بۆ کوڕ و کچی شەهید، ساڵانە 12 کورسی بەشێوەی خۆرایی بۆ کوڕ و کچی (تاقانەکانی کیمیاباران و بریندارانی چەکی کیمیاوی)ی سنوری پارێزگای هەڵەبجە دابین دەکات .

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، پەیمانگای تەکنیکی و پیشەیی هەڵەبجە دەبێتە یەکەم پەیمانگا لەسەر ئاستی هەرێم کورسی خۆڕایی بۆ کوڕ و کچی تاقانەی کیمیاباران و بریندارانی چەکی کیمیاوی  دابین بکات .

هه‌رئه‌وه‌ش نا، داشکاندن بەڕێژەی 20%  لە کرێی خوێندن لە پەیمانگاکەیان بۆ برا و خوشکی کەسوکاری شەهیدانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە جێبه‌جێ ده‌كات، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی هەڵەبجەوە پشتڕاست بکرێنەوە .

پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان، دڵخۆش بوون و دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرپەرشتیاران و مامۆستایانی پەیمانگاكە کرد بۆ ئەم هەنگاوە گرنگەیان و پشتیوانیی تەواوی ئیدارەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی هەڵەبجەیان بۆ دووپات کردنەوە.