هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە وەریبگرێت
دوای دوو ساڵ هێشتا چاکسازيی گەورانی گەرمیان چارەنوسی دیار نیيە
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
لە مانگی تەموزی ساڵی 2023، بڕیاری کردنەوەی چاکسازی گەورانی گەرمیان درا، کە لە قەزای کفری بکرێتەوە، بەڵام ئەوە دوو ساڵ تێپەڕیوە و چارەنوسی چاکسازییەکە دیار نیە، بەڕێوەبەری چاکسازیەکانیش دەڵێت،”بەڵێندەر ئامادە نییە وەری بگرێت”.
ئەو بینایەی کە بۆ چاکسازییەکە دابینکراوە، پێشتر فەرماندەیی میحوەری حەمرینی پێشمەرگەی تێدا نیشتەجێبوون، بەڵام دوو ساڵ پێش ئێستا بارەگاکەیان بۆ دروستکردنی ئەو چاکسازییە چۆڵ کرد.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان بە 964ى وت، “لە ئیدارەی گەرمیان دوو جار تەندەرین بۆ چاکسازیی گەورانی گەرمیان کراوە بیناکەی نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام ھیچ بەڵێندەرێک ئامادەنەبووە وەری بگرێت”.
“نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كرد بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێی بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی بودجەکەی 607 ملیۆن دینارە، پێیان وتین ناتوانن بەشێوەی راستەوخۆ ئەنجامی بدەن”، ئیحسان عەبدولڕەحمان وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ھەندێک گۆڕانکاریمان کردووە لە تەندەرینەکە و بودجەکەیمان زیادکردووە، بە جۆرێک بەڵێندەر بتوانێت وەری بگرێت، دڵنیاییش دەدەین بە بەڵێندەرەکان کە پارەیان بۆ خەرج بکرێت.
نزیکەی 500 سزادراوی سنووری گەرمیان لە چاکسازییەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانن، دوای تەواوکردنی چاکسازییەکەی گەرمیان، ئەو سزادراوانەش دەھێنرێنەوە بۆ گەرمیان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا