لە رۆژئاوای بەسڕە
لە ئاگرەکەی کێڵگەی زوبێر بەڕێوەبەرێک گیانی لەدەستدا و بریندار هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەپێی دوا زانیاری 964، لەو ئاگرەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە شوێنی سەرەکی تۆڕباین ناو کێڵگەی زوبێر 1 لە رۆژئاوای بەسرە کەوتەوە، بەڕێوەبەری بەشی کۆگاکان گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش هەر لەوێ برینداربوون.
جگە لەوەی کە، برینداربوونی ژمارەیەک کەسی دیکە یەکلانەکراوەتەوە کە دەوترێ برینیان سووکە.
مازن محەمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی بەسرە بە 964ـی وت، “ئەو ئاگرەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26.10.2025 لە شوێنی سەرەکی تۆڕباینەکانی هەناردەکردنی نەوت لەناو کێڵگەی نەوتی زوبێر 1 لە رۆژئاوای بەسرە کەوتەوە، بووەهۆی گیانلەدەستدانی بەڕێوەبەری بەشی کۆگاکانی کێڵگەکە”.
بەرگری شارستانی دەڵێ، سەختی برینەکەی هۆکار بووە، هەروەک دوو کرێکاری دیکەی ئەو شوێنە بە سەختی بریندار بوون، ئەوە لەگەڵ ئەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، کە بەهۆی تەقینەوەی کتوپڕ لە یەکێک لە تۆڕباینەکاندا روویداوە.
شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە ناوچەیەکی هەستیارە لەناو کێڵگەکەدا، بەو پێیەی سیستەمی تۆڕباینەکانی تێدایە کە بەرپرسیارە لە پەمپکردنی نەوتی خاو بۆ سیستەمی هەناردەکردن.
تیمە مەیدانییەکان بە وریاییەوە کاردەکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بڵێسەی ئاگرەکە بۆ یەکەکانی ئۆپەراسیۆنی دراوسێ و هەوڵەکانی کوژاندنەوەی بەردەوامن، ئەوەش بە قسەی مازن محەمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی بەسرە.