دیمەنی چەند ئۆتۆمبێلێک کە لە لافاوەکەی چەمچەماڵ ژێرئاو کەوتوون – وێنە؛ ئەرشیف قایمقامیەتی چەمچەماڵ
330 خێزان داوایان کردووە
ئاوەڕۆی سندوقی چارەسەرە بۆ کێشەی لافاو لە چەمچەماڵ
ئەحمەد مستەفا
داواکاریی 330 خێزانی شاری چەمچەماڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە بەردەم قایمقامیەت، گەڕەکی پورە گوڵە و ناوچەی سەرشەقام، بەرەو جێبەجێکردن دەچێت.
لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، بڕیارە ئاوەڕۆیەکی سندوقی کۆنکرێتی بە پێوانەی 2 بە 3 مەتر و بە درێژیی زیاتر لە 2 کیلۆمەتر دروست بکرێت، بۆ کەمکردنەوەی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو و لافاو لەو ناوچانەدا.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە لەسەر داواکاریی هاوڵاتیان دەستی پێکردووە، شارەوانی چەمچەماڵ، بە هاوکاری کۆمسیۆنی بوژانەوە و فریاگوزاریی چەمچەماڵ، ئەم پرۆژەیەی خستووەتە ئەولەویەتی کارەکانی.
بەپێی راگەیەندراوەکە، رووپێوی و دیزاینی پرۆژەکە تەواو بووە و کۆمپانیای ئەشکان و جیۆ دیزاین ئەم ئەرکانەی ئەنجام داوە، هەروەها، پرۆسەی تەندەر لە پارێزگای سلێمانی تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکرێت.
وێنەکان: ژمارەیەک لە واژۆی ماڵەکان و داواکاری قایمقامیەتی قەزاکەیە