بەشێک لە کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە ئەرکدا
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن:
زیاتر لە 23 ملیۆن فۆڕمی دەنگدان بە تایبەتمەندی ئەمنییەوە ئامادەیە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دووپاتی کردەوە، زیاتر لە 23 ملیۆن فۆڕمی دەنگدان بەپێی تایبەتمەندییە پارێزراوەکان ئامادە کراوە.
ئاماژەیان بەوەش كرد، گواستنەوە فۆڕمەكان بەپێی پلانێک ئەنجام دەدرێت کە بە هاوکاری لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنەکان ئامادەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 25.10.2025 جێگری وتەبێژی کۆمسیۆن نبراس ئەبو سەودە بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند، “ژمارەی ئەو فۆڕمانەی بۆ دەنگدەرانی گشتی تەرخانکراون گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 46 هەزار و 200 فۆڕم، هەروەها یەك ملیۆن و 509 هەزار و 300 فۆڕمیش بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخانکراون، لەگەڵ فۆڕمی یەدەگ بۆ پێداویستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن”.
روونیشیکردەوە، “فۆڕمەكان بەپێی ستانداردە ئەمنییە توندەکان چاپكراون، لەوانەش نیشانەی ئەمنی شاراوە و رەنگی تایبەت کە تەنیا بە ئامێر و تاقیکردنەوەی تایبەت دەستنیشان دەکرێن، هەروەها تایبەتمەندی دژە کۆپیکردنیان هەیە، جگە لەوە بە بەکارهێنانی کاغەزی تایبەت دروستکراون، کە نیشانەکانی هاوشێوەی ئەو نیشانانەی تێدایە، کە لە دراودا بەکاردەهێنرێت، بۆیە ساختەکردن یان دەستکاریکردنیان قورسە”.
جێگری وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت، “پرۆسەی گواستنەوەی فۆڕمی دەنگدان بەپێی پلانی دابەشکردن بەڕێوەدەچێت، کە کۆمسیۆن بە هاوکاری لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ هەڵبژاردنەکان ئامادەی کردووە، بۆ دڵنیابوون لە یەکپارچەیی پرۆسەی هەڵبژاردن، فۆرمەكانیش لە کۆگای پارێزراودا دادەنرێن، بە مەرجی ستانداردی سەلامەتی پەسەندکراو”.
هەروەها ئاشكرای كرد، “فۆڕمەكانی دەنگدان دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان و پرۆسەکانی ژماردن و فەرزكردن، کۆدەکرێنەوە و لە ئەرشیفی کۆمسیۆندا هەڵدەگیرێن، بەپێی پێوەرەکانی ئەمنی و شەفافیەت، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بۆ دڵنیابوون لە پاكیی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆی بگەڕێنەوە”.
بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ پێش ئەوەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.