قاچاخچییەکانیش گیران

پاسەوانى سنوور لە سنوورى سلێمانى 185 مانگایان دەستبەسەرداگرت

964+
وریا فەتاح
هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بڵاویان کردەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی رێگرییان لە پرۆسەیەکی بەقاچاخبردنی ئاژەڵ کردووە و تۆمەتبارەکانیشیان دەستگیرکردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی پاسەوانی سنووری عێراق، مەفرەزەکانی لیوای 21، کە سەر بە فەرماندەیی ناوچەی یەکی سنوورن، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیادا لە چوارچێوەی سنووری ئیداریی پارێزگای سلێمانی، توانیویانە پرۆسەیەکی قاچاخچێتی پووچەڵ بکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو هەڵمەتانەدا رێگری کراوە لە بەقاچاخبردنی 185 سەر رەشەوڵاخ (مانگا و گوێرەکە) لە رێگەی سنوورەکانەوە، هاوکات قاچاخچییەکانیش دەستگیرکراون.
پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان.