لە هەرێمی کوردستان
لە شەش ساڵدا زیاتر لە 2400 پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ کراون
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 400 پڕۆژەی جۆراوجۆری ئاو و ئاوەڕۆ لە سەرتاسەری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تەواو کراون، هاوکات سیستەمی دابەشکردنی ئاویش گۆڕانکاریی بنەڕەتیی تێدا کراوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە پەڕەى سەرەکى بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاند،” یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان لە کەرتی ئاودا، گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمی دابەشکردنی ئاو بووە لە شێوازی “هێڵی”ی کۆنەوە بۆ سیستەمی مۆدێرنی “بازنەیی”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی پلانی خولاندنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاویش خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەم دوو هەنگاوە بە بنەمایەکی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی ئاو دادەنرێن بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە کاتێکدا ناوچەکە بە گشتی بەدەست لێکەوتەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت، ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، کەمکردنەوەی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی ئاوە بۆ کەمترین ئاست، لەگەڵ گەیاندنی ئاوی خاوێن بە شێوازێکی دادپەروەرانە بە سەرجەم گەڕەک و ناوچە جیاوازەکان.