400 هاوڵاتی تووش بووبوون

ئاو” سەرچاوەی سکچوون و رشانەوەکەی دینارتەیە”

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لە ماوەی 6 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 400 هاوڵاتی ناحیەی دینارتە تووشی سکچوون و رشانەوە بوون، دەرکەوت کەمیی مادەی کلۆر لە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئاوی ناحیەکەدا هۆکار بووە.

پشکنینەکان ئێوارەی دووشەممە 27.2.2023 دەرچوون و دەرکەوت کەمیی کلۆر لە سەرچاوەی ئاوی کانی ناحیەکە هۆکاری ئەو نەخۆشییە بووە.

ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێیە لە پارێزگای دهۆک، بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشت بە ئاوی کانی و بیر دەبەستن.

سەربەست سەبڕی، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بۆ تۆڕی 964ـی روونکردەوە، پێشتر بەشێک لە دانیشتووان گلەیی ئەوەیان کرد  بۆنی کلۆر لە ئاوەکە دێت، بۆیە کەمکرایەوە و دەرئەنجام ئەو نەخۆشییەی لێکەوتەوە.

کلۆر مادەیەکی کیمیاییە و یەکێک لە بەکارهێنانەکانی بۆ پاککردنەوەی ئاوە و پێویستیشە بڕی کلۆر لە ئاودا 1%ـی ئاوەکە، نە زیاتر بێت نە کەمتر.

“نەخۆشەکان لە ناحییەکەدا بەرەو کەمبوونەوە دەچن و بنکەی تەندروستیی دینارتەش شەو و رۆژ کراوە دەبێت”، سەربەست سەبری وای وت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد