لەلایەن تیمەکانی شارەوانی دهۆکەوە
رۆژانە نزیکەی 35 پۆستەر لادەبرێن و هەڵدەگیرێنەوە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
لە پارێزگای دهۆک، نزیکەی سێ هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە، پۆستەر و فلێکسێکی زۆری کاندیدەکان لەسەر شۆستە و شەقامەکان دانراون، جا ئەو پۆسترانە بەهۆی رەشەباوە بێ یان دەستکاری هاوڵاتیا ن زۆربەیان تێکدەچن یان دەکەونە سەر شەقامەکان و رێگری بۆ شۆفێران دروستدەکەن.
شارەوانیی دهۆکیش دوو تیمی پێکهێناوە و رپژانە ئەو تیمانە ئەو پۆستەرانە هەڵدەگرنەوە و لەسەر شەقام لایاندەبەن.
شێروان حەسەن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک، بە 964ـی راگەیاند: “ئێمە دوو شیفتی کارمان هەیە، یەکێکیان بە رۆژ و ئەوانی دیکە بە شەو، چاودێری شەقام و شۆستەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شار دەکەن.”
وتیشی، “رۆژانە لەلایەن تیمەکانەوە نزیکەی 25 بۆ 35 دانە لەو پۆستەر و فلێکسانەی بەهۆی رەشەبا یان خراپی کواڵیتیانەوە تێکچوون یان کەوتوونەتە خوارەوە لادەبرێن بۆ ئەوەی سیمای شار تێک نەچێت و ئەو کاندیدانەی پۆستەرەکانیان پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ئاگادار دەکرێنەوە.”
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ رێژەی سەرپێچیکردن “زۆر کەمتر”ە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، چونکە پێش دەستپێکردنی بانگەشە رێنمایییان بڵاوکردووەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر