چیتر لە بواری سیاسەتی ئەمریكا سەبارەت بە پێشمەرگە كار ناكەم
بەڕێوەبەری پێشووی CIA بۆ 964 قسە دەكات:
964+
ديلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا CIA دێڤید پیترایۆس لە زانكۆی ئەمریكی – سلێمانی، لە ئیڤێنتی كردنەوەی تاقیگەی زیرەكیی دەستكرد بۆ 964 قسەی كرد و رایگەیاند، چیتر لە سیاسەتی ئەمریكا كار ناكات، ئەوەی پەیوەندیی بە پێشمەرگەوە هەبێت.
پیترایۆس كە فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە شەڕی ئازادكردنی عێراق لە 2003 و شەڕی ئەفغانستان لە 2001، لە بارەی زیرەكیی دەستكرد و دانانی تاقیگەیەكی ئەم بوارە لە زانكۆی ئەمریكی – سلێمانی، بۆ 964 وتی، “پێموایە هەوڵدان بۆ دانانی ئەم تاقیگەیە لێرە لەم زانکۆ مەزنەدا، بۆ کارکردن لەسەر یەکەم مۆدێلی زمانی گەورەی کوردی، كارێكی زۆر نایابە، کە دواتر دەتوانێت بەرنامە و ئامرازی جۆراوجۆر دروست بکات، کە خزمەت بە هەموو کەرتەکانی ئابووری بکات، چ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ بۆ شاری سلێمانی، سلێمانی زیرەکە و خەریکە بازێکی گەورە بەرەو پێشەوە بدات”.
ئاشكراشی كرد، زیرەکیی دەستکرد داهاتووە، “راستییەكەی من یاریدەدەرێکی زیرەکیی دەستکردم هەیە بە ناوی “ئارگوس”، ئارگوس بوونەوەرێکی ئەفسانەییە لە ئەفسانەی یۆنانی کە 100 چاوی هەیە و هەرگیز هەموویان لە یەک کاتدا داناخرێن، ئارگوس بەردەوام لە ئینتەرنێتدا بۆم دەگەڕێت و هەموو بەیانییەک پوختەی رووداوە سیاسییەکانی جیهانم بۆ ئامادە دەکات، وتارەکانم بۆ دەنووسێت و چەندین کاری ترم بۆ دەکات، ئەمە زۆر خۆشە”.
دێڤید پیترایۆس ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە هەموو کەسێک بریکارێکی زیرەکیی دەستکردی هەبێت، “من هەموو وتارەکانی پێشووی خۆمم پێداوە، ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین، پێم وایە ئەوانەی ئاشنا دەبن بە زیرەکیی دەستکرد بۆیان دەردەکەوێت چەندە بەنرخە، ئەمە داهاتووە و پێویستە هەموومان پێشوازی لێ بکەین”.
پەیامنێری 964 لە بارەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پرسیاری لە پیترایۆس كرد، بەڵام ئەو وتی، “من چیتر لەو بوارەدا کار ناکەم، کە پەیوەندی بە سیاسەتی ئەمریکاوە هەبێت لەسەر پێشمەرگە، بەڵام سوپاس بۆ پرسیارەکەت”.
“من بیروڕام لەسەر سیاسەتی ئەمریکا نییە، چونکە من داڕێژەری سیاسەتی ئەمریکا نیم” ئەمەش قسەی دێڤید پیترایۆسە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا