دەیکرد بە قیمە

ساتەوەختی دەستگیرکردنی ئەو قەسابەی گۆشتی بەرازی بە خەڵکی نەجەف دەفرۆشت بڵاوکرایەوە

وریا فەتاح

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست 964 عەرەبى کەوتووە، ساتەوەختی دەستگیرکردنی ئەو قەسابە ئاشکرا دەکات کە گۆشتی بەرازی لە قیمە دەدا و بە ناوی گۆشتی سوورەوە بە هاوڵاتیانی شاری نەجەفی دەفرۆشت.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، قەسابەکە لە کاتی تاوانەکەیدا (بە دەستی سوورەوە) دەستگیرکراوە و لە کاتی هەڵکوتانە سەر شوێنەکەیدا، دەستبەسەر دوو بەرازی کێویدا گیراوە کە بە تەواوی سەربڕدرابوون و پێستەکەیان لێکرابووەوە، هەروەها خەریکی ئامادەکردنیان بووە بۆ ئەوەی بیانهاڕێت و وەک “قیمە” لە بازاڕێکی ناوەڕاستی شارەکەدا ساغیان بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان روونیان کردووەتەوە کە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە رۆژی سێشەممەی رابردوو لەلایەن هێزێکی تایبەتی سەر بە دەزگای هەواڵگرییەوە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەمڕۆ ڤیدیۆکەى بڵاوکراوەتەوە.

پرۆسەی دەستگیرکردنەکە دوای چاودێرییەکی ورد و بەدواداچوونێکی بەردەوام هاتووە، کە تیایدا توانراوە بەڵگەی تەواو کۆبکرێتەوە لەسەر ئەوەی ئەم قەسابە لە زۆنگاوەکانی ناحیەی (حوڕییە)ی سەر بە قەزای کوفە بەرازی کێوی راو کردووە، دواتریش گۆشتەکەی گواستووەتەوە بۆ نەجەف و لەوێ بە ناوی گۆشتی حەڵاڵ و ئاساییەوە بە خەڵکی فرۆشتووە.