چیتر ناچن بۆ هەڵەبجە

خورماڵ؛ بە 60 ملیۆن دینار بەشێکی نوێ لە مەڵبەندێکی تەندروستی بۆ ژنان کرایەوە

964+

ئەمەل ناجى – هەڵەبجە

بەشی چاودێری تەندرووستی خێزان لە مەڵبەندی تەندرووستی شەهید عەلی شیعە لە شارەدێی خورماڵ کرایەوە، کە بە کردنەوەی ئەم بەشە نوێیە، خزمەتگوزارییەکان بۆ خێزان و بەتایبەت ژنان فراوانتر دەبن و بەشێکی تایبەتیان لە مەڵبەندەکە بۆ تەرخان کراوە.

هاوکار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندرووستی شەهید عەلی شیعە، بە 964ـی وت: “ئەم بەشە لەلایەن رێکخراوی ژیانی تەندرووست و بە هاوکاریی رێکخراوی UNFP، بە تێچووی 60 ملیۆن دینار لەسەر رووبەری 120 مەتر دووجا دروست کراوە و لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگدا تەواو بووە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە لە ژووری پێشوازی، ژووری پزیشکی ژنان، و ژووری مەشق و راهێنان و کۆبوونەوە پێکدێت و ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی زیاتری ژنان، چاودێریکردنی ژنانی دووگیان، دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و چاودێریی گەشەی کۆرپەکانیانە.

بە وتەی هاوکار ئیبراهیم، هەرچەندە پێشتریش پزیشکی پسپۆری ژنان لە مەڵبەندەکەدا نەخۆشی دەبینی، بەڵام ئەم بەشە نوێیە ژووری تایبەت بە پزیشکی ژنانی تێدایە، کە دەتوانرێت هەندێک نەشتەرگەری بچووکی وەک (دانانی لەولەب بۆ پێشگیری لە منداڵبوون، و کورتاج) ئەنجامبدرێن، کە پێشتر ئەو کارانە لە مەڵبەندەکە بەهۆی نەبوونی شوێن و پێداویستی پێویست ئەنجامنەدراون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"ئەو ژنانەی یەکەمجاریانە دەبنە دایک دەترسن لە منداڵبوونی سروشتی"