ئاسۆی جەمال موختار
پیاوێک لە سەردەمی جوانیەکانەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئاسۆی جەمال موختار ئەو ناوە دێرینەی زۆر بەر گوێی خەڵکی و بەتایبەت میدیاکاران و هونەرمەندان کەوتوو، یەکێک بووە لە بەناوبانگترین وێنەگرەکان لە مێژووی تەلەفزیۆنی کوردیدا و ساڵی 1991 دەستی بە وێنەگرتن کردووە.
لە دوایین دەرکەوتنی لە کۆنسێرتی هونەرمەند نەریمان بابان لە سلێمانی، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و باسی یادگاری و کارە هونەرییەکانی لەگەڵ هونەرمەند کەمال محەمەد دەکات، ئاسۆی جەمال موختار دەڵێت، لە دوو هەفتەدا 19 کلیپی بۆ کەمال محەمەد تۆمارکردووە و هەروەها باس لە کامێراکانی ئەو سەردەمە دەکات کە کارکردن چەندە قوڕس بووە و بەڵام ئەوان کۆڵیان نەداوە و هەر کاریان کردووە.
هەر لەگەڵ رۆچونە ناو یادگاریەکانی سەردەمی لاوی خۆی و سەرەتای کارکردنی، پەیامنێری 964 دەست بۆ کۆمپیوتەرەکەی پشتیان رادەکێشێت کە دیمەنێکی کۆنی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و ئاسۆی جەمال موختاری لەسەرە، وەک خۆی دەڵێت؛ “ئەمە ساڵی 1992 بوو کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە هەولێر بوین، مام جەلال باوەشی لێدام و وتی؛ بۆنی سلێمانیت لێ دێت”.
لە جوڵە و سیمای ئاسۆدا ئەوە بەدیدەکرێت دەمێکە تامەزرۆیە قسەکانی دڵی بۆ یەکێ بکات و بگەڕێتەوە قوڵایی یادگارییەکانی و پەیامنێری 964ـیش بە شێنەیی گوێی بۆ رادێراوە.
دیمانەکە باس و خواسی زۆری تێدایە و خۆتان بیبینن.